دوو زانای دەمار سکاڵا لەسەر ئەپڵ تۆمار دەکەن بە تۆمەتی بەکارهێنانی پەڕتووکە مافپارێزراوەکان (کۆپی ڕایت) بۆ ڕاهێنانی مۆدێلی ژیری دەستکرد.
دوو لە زانایانی دەمارناسی لە دادگای فیدراڵی کالیفۆرنیا سکاڵایەکی یاساییان لە دژی کۆمپانیای ئەپڵ تۆمار کرد، بە تۆمەتی بەکارهێنانی هەزاران کتێبی مافپارێزراو (کۆپی ڕایت) بۆ ڕاهێنانی مۆدێلی ژیری دەستکرد (AI) تایبەت بە خۆی کە بە “ئەپڵ ئینتێلێجنس” ناسراوە.
ستیڤن مەکینک و سوزانا مارتینێز-کۆندی، کە هەردووکیان مامۆستای زانکۆی داونستەیتی زانستە تەندروستییەکانی برووکلینی ویلایەتی نیویۆرکن، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لە سکاڵاکەدا ڕایانگەیاند کە ئەپڵ “کتێبخانەی سێبەر”ی نایاسایی کە کتێبی دزراویان تێدایە بەکارهێناوە بۆ ڕاهێنانی مۆدێلەکەی “ئەپڵ ئینتێلێجنس”.
مانگی ڕابردوو، کۆمەڵێکی دیکەی نووسەران سکاڵایەکی هاوشێوەیان لە دژی ئەپڵ تۆمار کردبوو بە تۆمەتی بەکارهێنانی نایاسایی بەرهەمە ئەدەبییەکانیان بۆ ڕاهێنانی ژیری دەستکرد.
ئەم سکاڵایە یەکێکە لە زنجیرە داوا گەورەکان کە لەلایەن نووسەران، دامەزراوە ڕاگەیاندنەکان و کۆمپانیاکانی مۆسیقاوە لە دژی کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان وەک (OpenAI)، مایکرۆسۆفت و مێتا تۆمارکراون، بەو تۆمەتەی کە بەرهەمەکانیان بەبێ مۆڵەت بۆ ڕاهێنانی مۆدێلەکانی ژیری دەستکرد بەکارهێناوە.
ئەپڵ ئینتێلێجنس کۆمەڵێک تایبەتمەندییە کە بە ژیری دەستکرد کار دەکەن و لەناو ئامێرەکانی ئایفۆن و ئایپاددا جێگیر کراون.
