ئەنجامی توێژینەوەیەکی چینی دەریدەخات وازهێنان لە نانی بەیانی مەترسی تەندروستی گەورە دروست دەکات.
بە پێی توێژینەوەیەکی نوێی چینی، کە لە گۆڤاری Nutrients بڵاوکراوەتەوە، دەریخستووە کە وازهێنان لە خواردنی نانی بەیانی لەوانەیە ببێتە هۆی کێشەی تەندروستی مەترسیدار بۆ مرۆڤ.
گۆڤاری Nutrients ئەنجامی توێژینەوەیەکی نوێی بڵاوکردەوە کە لەلایەن زانایانی زانکۆی نینگشیای چینەوە ئەنجامدراوە و ئاشکرای دەکات کە ڕۆژانە فەرامۆشکردنی نانی بەیانی لەوانەیە کێشەی تەندروستی مەترسیداری لێبکەوێتەوە. توێژەران شیکاریی داتای نۆ توێژینەوەیان کردووە کە دەیان هەزار کەسی لەخۆگرتووە و کاریگەریی نەخواردنی نانی بەیانییان لەسەر تەندروستی گشتی هەڵسەنگاندووە.
ئەنجامەکان دەریانخست کە ئەو کەسانەی نانی بەیانی فەرامۆسش دەکەن، مەترسی تووشبوونیان بە سندرۆمی میتابۆلیزم (Metabolic Syndrome) بە ڕێژەی 10% بۆ 26% زیاترە، کە ئەمەش کۆمەڵێک تێکچوونی تەندروستی دەگرێتەوە وەک قەڵەوی، بەرزی پەستانی خوێن و بەرزی ڕێژەی شەکری خوێن و کۆلیسترۆڵ. هەروەها، زیاتر لە مەترسیدا بوون بۆ کێشەی قەڵەوی و بەرزبوونەوەی ئاستی شەکری خوێن.
توێژەران جەختیان لەوە کردەوە کە خواردنی نانی بەیانی بە ڕێکوپێکی یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی جێگیری پرۆسەی میتابۆلیزم (ماددە گۆڕین) و دەتوانێت ڕێگەیەکی سادە بێت بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن. هەروەها، توێژینەوەکانی پێشوو دەریانخستووە کە نەخواردنی نانی بەیانی لەوانەیە کاریگەری نەرێنی لەسەر کارەکانی مێشک هەبێت و مەترسیی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی زیاتر بکات، جگە لەوەی دواخستنی نانی بەیانی بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لەوانەیە مەترسیی مردن لەناو کەسانی بەتەمەندا زیاتر بکات.
زانایان دووپاتیان کردەوە کە پشتگوێخستنی نانی بەیانی نەک تەنها خوویەکی بێ زیان نییە، بەڵکو بە فاکتەرێکی مەترسیدار دادەنرێت بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەکان.
