وەک هەنگاوێک بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هاوردەکردنی بەروبوومی پەلەوەری لە 39 وڵات قەدەغە کرد.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بڕیارێکی دەرکردووە بۆ قەدەغەکردنی هاوردەکردنی پەلەوەری زیندوو و بەستوو و بەرهەمەکانی، باڵندەی ڕاوکەر، باڵندەی جوانکاری، هێلکەی خواردن و هێلکەی تروکان (هێلکەی جووچکە) و پەڕ (ڕیشاڵ) و هەر بەرهەمێک کە پەلەوەر و بەرهەمە لاوەکییەکانی تێدابێت لە 39 وڵاتەوە کە تووشبوون بە نەخۆشی ئەنفلۆنزای باڵندەیان تێدا تۆمارکراوە.
هەروەها جەخت دەکاتەوە کە قەدەغەکە بەردەوام دەبێت تاوەکوو دوورکەوتنەوەی ئەو وڵاتانە لەو پەتایە دەسەلمێنرێت.
