وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئامادەین 120 ملیارەکە ڕادەستی لقی بانکی مەرکەزی بکەین و هاوكات باسی مووچەی مانگی 9ــش دەکات.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم بۆ میدیای پارتی ڕایگەیاند، چاوەڕێی بڕیاری بەغدا دەکەن بۆ ناردنی مووچەی مانگی هەشت، کە بڕیارە لەم هەفتەیە بڕیاری لەسەر بدەن، هاوکات ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ ڕادەستکردنی 120 ملیار دینار بە بانکی ناوەندیی عێراقی لە هەولێر نیشان دا.
وتیشی، “هەر لەگەڵ گەیشتنی مووچەی فەرمانبەران لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، دەستبەجێ دەست بە دابەشکردنی دەکەن”.
سەبارەت بە مووچەی مانگی نۆ (ئەیلوول)، ئاماژەی دا “وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لیستی مووچهخۆرانی ئامادە کردووە و هیچ کەموکورتییەک لە لیستی مووچەخۆراندا نییە.”
ڕوونیشی کردەوە، دوای دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشت، تیمێکی تەکنیکی لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر مووچەی مانگی نۆ.
پێشەوا هەورامانی دڵنیایی دا “هیچ دواکەوتنێک لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان نابێت، چونکە ئەوان مووچەیان درەنگ ناردووە و لە دابەشکردنی مووچە دواکەوتووین.”
