سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایدەگەیەنێت، كاتێك عێراق پارچە پارچە و دابەشبوو بوو پلانی سەپاندنی یاسامان جێبەجێ كرد و دەشڵێت: دادپەروەری و سەقامگیری تەنها لە ڕێگەی جێبەجێکردنی یاساوە بەدەست دێت و هیچ کەس مافی ئەوەی نییە تواناکانی دەوڵەت لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا بەكاربهێنێت.
نوری مالکی، ئەمینداری گشتیی حزبی دەعوەی ئیسلامی و سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە دووهەمین کۆنفرانسی پیشەیی گشتی حیزبەكەی ڕایگەیاند، هەڵبژاردنی داهاتوو ئەرکێكی بنەڕەتیە كە چاوەڕوانی هەموو لایەك دەكات، بەو پێیەی رێگای راستکردنەوەی رێبازی سیاسی و بونیاتنانی دەوڵەتێکی دیموکراسییە، کە تێیدا رێز لە ئیرادەی هاووڵاتیان و سەروەری یاسا بگیرێت.
ڕاشیگەیاندووە، هیچ کەس مافی ئەوەی نییە تواناکانی دەوڵەت لە پڕِۆسەی هەڵبژاردندا بەكاربهێنێت و دەبێت سەروەت و سامانی عێراق بۆ گەلەکەی خۆی خەرج بکرێت، نەک بۆ سەركێشی یان دەستوەردان لە کاروباری ئەوانی تردا.
دەشڵێت: دەنگمان بەتوندی بەرز بکەینەوە دژی هەرکەسێک پێشێلی پیرۆزی هەڵبژاردنەکان بکات، لەڕێی بەکارهێنانی پارەی سیاسی یان دروستكردنی کاریگەری لەسەر پاكێتیی.
مالكی ئاماژەی بەوەكردووە، عێراق پێویستی بە وڵاتێکە ڕێز لە دەستوور و یاسا بگرێت و رێگە لە هەموو ئەو دەروازانە بگرێت کە رەنگە دیکتاتۆرییەت و ستەمکاری و دوورخستنەوە و پەراوێزخستن بگەڕێنێتەوە.
جەختیشی كردۆتەوە، نەبوونی یاسا دەبێتە هۆی داڕمانی دەوڵەت و بڵاوبونەوەی تائیفەگەری و رەگەزپەرستی و جیاكاری.
ئاشكراشی كرد، دوای ئەوەی عێراق پارچە پارچە و دابەشبوو بوو، پلانی سەپاندنی یاسامان جێبەجێ كرد، چونکە باوەڕمان وایە دادپەروەری و سەقامگیری تەنها لە ڕێگەی جێبەجێکردنی یاساوە بەدەست دێت.
