ئەحمەد تورک دەڵێت: ڕۆژئاوای كوردستان هێڵی سوورە بۆ کورد، بۆیە بۆ تورکیا باشترە کوردان بە دراوسێی خۆی قبوڵ بكات نهك دهستهی تهحریری شام.
ئهحمهد تورك، هاوسەرۆكی شارەوانی گەورەی ماردین ئهمڕۆ شهممه، لهمیانی بهشداریكردنی له “کۆنفرانسی پێکەوە ژیانی گەلان، بیروباوەڕەکان و دیموکراسییهتی میزۆپۆتامیا”، رایگهیاند، گەیشتن بە کۆمارێکی دیموکراسی بە هەوڵی هاوبەشی گەلان دەکرێت.
جەختی لەوە شکردەوە، کە پێویستە لایەنە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ داهاتوی گەلی کوردستان، پێکەوە هەنگاو بنێن.
ئەحمەد تورک ئاماژەی بە پێشهاتەکانی سووریا کرد و ئاماژهی بهوهدا، كه کورد له سووریا بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و ئەمنیەتی خۆی پەنای بۆ چەک برد، كەچی ئێستا داوا لە کورد دەکرێت چەکەکانیان دابنێن، بەتایبەت تورکیا. کەواتە، کێ لهوێ ئاسایش و ئەمنیەت دابین دەکات؟
وتیشی، “دهستهی تهحریری شام-هەتەشە هیچ پۆلیسێکی نییە، هیچ سوپایەکی نییە. هەتەشە لەوێ هیچ دەسەڵاتێکی نییە لە ڕاستیدا. کەواتە کێ ئاسایش و ئارامی بۆ کورد دابین دەکات؟ جگە لەوە لەبری ئەوەی هەتەشە دراوسێی تورکیا بێت، باشتره کورد بێت، ئایا جیهان کۆتایی دێت؟”.
ئەحمەد تورک بە جەخت کردنەوە لەوەی، کە ڕۆژئاوا هێڵی سوورە بۆ کورد وتی: “ئەمڕۆ لە سەروبەندی دەرفەتێکی مێژوییداین، ئەگەر نەمانتوانی هەڵسەنگاندن بۆ ئەم دەرفەتە مێژوییە بکەین، ڕۆژانی تاریک بۆ داهاتوی منداڵەکانمان بەجێدەهێڵین، لەم بارەیەوە بانگەواز لە هەموو لایەک دەکەم، پێویست ناکات کەس خۆی تووشی سەرلێشێواوی بکات، تەنیا بەسە دەستی کوردان بگرن و لە گەڵیان بکەونە پەیوەندییەوە.”
