بەھۆی خەباتی بۆ بەرگریی کردن لە مافە دیموکراتییەکانی ڤەنزوێلا، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بەخشرایە ماریا کۆرینا ماچادو.
خەڵاتەکە لەلایەن دامەزراوەی نۆبڵی نەرویجییەوە لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج ڕاگەیەندرا.
بەھۆی ھەوڵەکانی ماچادو بۆ گواستنەوەیەکی ئاشتیانە و دادپەروەرانە لە دیکتاتۆرییەوە بۆ دیموکراسیی و بەرگریی کردن لە مافە دیموکراتییەکانی گەلی ڤەنزوێلا بە شایستەی وەرگرتنی خەلاتەکە دانرا.
لیژنەی نۆبڵی ئاشتیی ڕایگەیاند کە ماچادو دامەزرێنەری ڕێکخراوی Sumateە و زیاتر لە ٢٠ ساڵە بەرگریی لە ھەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە دەکات و ڕۆڵێکی سەرەکی ھەیە لە یەکخستنی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلادا.
ماریا کۆرینا ماچادو، سیاسەتمەدارێکی خەڵکی ڤەنزوێلایە و، لە ساڵی ١٩٦٧دا لەدایکبووە. ئەندازیاری و دارایی خوێندووە و لە ساڵی ١٩٩٢دا دەزگای ئەتێنیای دامەزراندووە بۆ هاوکاری کردنی منداڵانی بێ سەرپەرشتیار لە کاراکاس، لە ساڵی ٢٠٠٢ لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی Sumate بووە کە پشتیوانی لە ھەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە دەکات، لە ساڵی ٢٠١٠ بە بەدەستهێنانی دەنگێکی زۆر ھەڵبژێردراوە بۆ ئەنجوومەنی نیشتمانیی و، لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن حکوومەتەوە لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە، لەو کاتەوە لە پارتی ئۆپۆزسیۆنی “ڤێنتێ ڤەنزوێلا” بەردەوامە لە سەرکردایەتی کردن.
