پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، سێ تۆمەتبار لەسەر ڕووداوەكەی شەوی ڕابردووی نەخۆشخانەی شار لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی فریاکەوتن و بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانەوە دەستگیرکران.
ئەمڕۆ هەینی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، دوێنێ شەو سێ كەس دوای 12ی شەو بەمەبەستی سەردانیکردن نەخۆش دەچنە نەخۆشخانەی شار، بەڵام بەهۆكاری ئەوەی سەردانیكردن بەپێی یاسا و ڕێنماییە بەركارەكان لەو کاتەدا ڕێگە پێدراو نییە، کارمەندی پاسەوانی بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانە ڕێکاری گونجاو دەگرێتە بەر و ڕێگری لێ کردن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “لەگەڵ ئەوەدا کە دەستگیرکراوان یەکێکیان دوور لەڕاستی خۆی بە پزیشکی نەخۆشخانە دەناسێنێت و یەکێکیشیان لەژێر کاریگەری مەی نۆشیدایە، گرژی و ئاڵۆزی دەخوڵقێنن و هێرش دەكەنە سەر کارمەندەکەمان و یەكێكیان چەكی كارمەندەکە دەڕفێنێت و تەقە دەكات و هەڵدێت”.
ئەوەشی خستەڕوو کە دەستبەجێ لەلایەن بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانەوە دووان لەتۆمەتبارەكان دەستگیرکران و لەماوەیەكی زۆر كەمیشدا تۆمەتباری سێیەم لە لایەن مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی فریاكەوتنی بەڕێوەبەرایەتیمانەوە لە گەڕەكی كوردسات دەستگیركرا.
پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند تۆمەتبارەکان ڕاگیران و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە کە ناسنامەکانیان بەم شێوەیەیە:
س ، س لەدایكبووی 1969
ب ، س ، س لە دایكبووی 2006
ب، س، س لەدایكبووی 2004
