وەزارەتی ناوخۆ لەسەر ڕێککەوتنی شنگال راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت”هەندێ هێز و کەسایەتیی دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان ڕێگرن لەبەردەم جێبەجیکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە”.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم، لە راگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، پێنج ساڵ بەسەر واژۆکردنی ڕێکەوتنی شنگال تێدەپەڕێت و هیچ کام لە تەوەرەکانی ئیداری، ئەمنی و بونیادنانەوە جێبەجێ نەکراون. ئەو ڕێکەوتنە نەخشەڕێگەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگالە بۆ دابینکردنی سەقامگیری و ئۆقرەیی و گێڕانەوەی متمانە بۆ ئاوارەکان، تا بە ئازادی و سەربەرزی بگەڕێنەوە سەر زێدی باب و باپیرانیان.
ئاماژەی بەوەشداوە، جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال کرایە بەشێک لە ڕێکەوتنی سیاسیی لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی ئێستا و بەرنامەی کاری وزاریی حکومەتی فیدراڵ. هەر دوو حکومەتی هەولێر و بەغدا هەوڵیانداوە تەوەرەکانی ڕێکەوتنەکە جێبەجێ بکەن، بەڵام هەندێ هێز و کەسایەتیی دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان، کە خۆیان لە سەرووی یاسا و ڕێکەوتن و دامەزراوەکانی دەوڵەت دەبینن، بەربەستی سەرەکیی بەردەم جێبەجێکردنن. ئەمەش بووەتە هۆکاری بەردەوامیی نەهامەتیی ئاوارەکان و بێئومێدی و کۆچکردنی ژمارەیەکی زۆریان بۆ دەرەوەی وڵات.
وەزارەتی ناوخۆ جەختیشیکردۆتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتاوە ئامادەبووە ئەرکی سەرشانی جێبەجێ بکات بۆ زەمینەسازیی گەڕانەوەی خوشک و برایانی ئێزدی و هاووڵاتییانی دیکەی ڕەسەن بۆ زێدی خۆیان.
دەشڵێت، بە نیگەرانییەوە لە بەردەوامیی نەهامەتییەکانی ئاوارەکان دەڕوانین و ئۆباڵی هێشتنەوەی دۆخی ئەو ناوچەیە لەو بارە نائاساییە خراپە دەخەینە ئەستۆی ئەوانەی بە ئاشکرا ڕێگرن لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی شنگال.
