spot_imgspot_img

بافڵ تاڵەبانی: كەس هەڵبژاردنی نەبردۆتەوە تا بەتەنها حكومەت پێكبهێنێ‌

سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە دیداری مێری لە هەولێر دەربارەی چەند دۆسییەك قسەی كرد و ڕایگەیاند، یەكێتی هێزی لەدەرەوەی حكومەت نییە و یەكێتی و پارتی ئۆپۆزسیۆنی یەكتری نین و وتیشی، “باشترین چارەسەر بۆ دۆخی سووریا لامەركەزییە”.

“یەكێتی هیچ كات هێندە بەهێز نەبووە”
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، سلێمانی زۆر گەشەی کردووە و بەرەوەپێشچووە، هەروەها زۆرترین وەبەرهێنان و پڕۆژەی خزمەتگوزاری ئەنجامدراوە.

دەربارەی دۆخی یەكێتی وتی، “هیچ كات وەكو ئێستا یەكدەنگ نەبووە و یەكێتی لە دۆخێكی بەهێزدایە و بۆ هەڵبژاردنیش پێشتر دەنگەكانمان زیادی كرد و چاومان لە ئەنجامی باشترە لەوەی ڕابردوو”.

بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختیشی كردەوە، یەکێتی یەک دۆلاری لە هیچ لایەن و وڵاتێک وەرنەگرتووە.

ناكۆكی پێكهێنانی حكومەت چییە؟
دەربارەی ناكۆكی یەكێتی و پارتی لەسەر پێكهێنانی حكومەت بافڵ تاڵەبانی وتی، “سەرۆك وەزیران بەجۆرێكە دەسەڵاتی خۆی هەیە و پێناسەكراوە و وەزیرەكانیش دەبێت دەسەڵاتی خۆیان هەبێت و ئەوەش بەشێكە لەوەی یەكێتی داوای دەكات، كە دەبێت دامەزراوەكان بە سیستم بكرێن و دامەزراوەیی بن”.

وتیشی، “هەر كاتێك لەگەڵ پارتی پێكەوە بە هاوبەشی كارمان كردبێت سەركەوتوو بووین و لە بەغداش دەستكەوتمان هەبووە”.

جەختیشی كردەوە، نامانەوێت واژۆ بخەینە سەر كاغەزێك، كە لەبەرژەوەندی خەڵك نەبێت نمونەش ئەم ڕێككەوتنەی دواییە.

ڕاشیگەیاند، پرسی پێكهێنانی حكومەت لەسەر سیستمە، چونكە دەبێت بپرسین كەس هەڵبژاردنی بردۆتەوە؟ نەخێر، چونكە ئەگەر یەكێك هەڵبژاردنی ببردایەتەوە ئەوا خۆی حكومەتی پێكدەهێنا و هەندێك پۆستی بەوانە دەدا، كە بەشدار دەبوون.

سەرۆكی یەكێتی پێی وایە، “ئەوەی ئێمە دەمانەوێت چاككرددنی سیستمی حوكمڕانیە و دەبێت حكومەت بەجۆرێك بێت پێكەوە پێكبهێنین و هاوبەشی ڕاستەقینە بین، چونكە یەكێتی و پارتی ئۆپۆزسیۆنی یەكتری نین”.

“هێزی 70 و 80 لەدەرەوەی حكومەت نیین”
بافڵ تاڵەبانی دەربارەی هێزەكانی 70 و 80 وتی، “ئێمە هێزمان لەدەرەوەی حكومەت نییە، بەڵكو ئەو هێزانە هاوبەشن لە كردەی سەربازی و خولەكان لەگەڵ عێراق و وڵاتانی هاوپەیمان، بەڵام ئەو هێزانە هێشتا یەك نەخراونەتەوە، بەڵام سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن”.

دۆسیەی ڕۆژئاوا و باكووری كوردستان…
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دیداری مێری لە بارەی دۆخی سوریاوە ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە هاوکاری سووریا بین نەوەک دەستوەردان بکەین، بۆیە باشترین چارەسەر بۆ دۆخی ئەو وڵاتە بوونی لامەركەزییە.

وتیشی، “جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی هاوڕێیەکی نزیکمە و پێكەوە بەردەوام گفتوگۆ دەكەین و بۆچوونمان نزیكن لەیەكەوە”.

بافڵ جەلال تاڵەبانی دەشڵێت: پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا پێویستی بە کاتی زیاترە.

spot_img
spot_img
spot_img
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە