لە هیندستان 9 منداڵ دوای خواردنەوەی شرووبێکی کۆکە، گیانیان لەدەستداوە و بەو هۆیەوە بەرپرسانی ئەو وڵاتە بڕیاری قەدەغەكردنی ئەو شروبەیان دا.
بەرهەمەکە بەناوی بازرگانیی “دەرمانی کۆکەی کۆڵدریف” (Coldrif Cough Syrup) دەفرۆشرا و لەلایەن کۆمپانیای “سریسان فارما”وە (Sresan Pharma) لە کارگەیەکی ویلایەتی تامیل نادوی باشووری وڵات بەرهەمهێندرابوو.
بەگوێرەی بەرپرسانی خۆجێیی، لانیکەم سێ ویلایەتی هیندستان فرۆشتنی دەرمانێکی کۆکەیان قەدەغە کرد، دوای ئەوەی چەند منداڵێک گیانیان لەدەستدا، کە گومان دەکرێت بەهۆی خواردنەوەی ئەو دەرمانەوە بووبێت.
گیانلەدەستدانی لانیکەم 9 منداڵ لە کۆتایی مانگی ئاب-ەوە لە ویلایەتەکانی مادیا پرادیش و راجستان، کە هەموویان تەمەنیان لەخوار 5 ساڵانەوە بووە، بە دەرمانێکی کۆکەوە بەستراوەتەوە کە پزیشک بۆی نووسیبوون.
رۆژی شەممە وەزارەتی تەندروستیی هیندستان رایگەیاند، پشکنینە تاقیگەییەکان بۆ ئەو نموونانەی دەرمانەکە کە منداڵەکان خواردبوویانەوە، دەریانخستووە ماددەی دایئێسلین گلایکۆڵ (DEG)یان تێدابووە، کە ماددەیەکی ژەهراوییە و لە پیشەسازیدا بەکاردێت و خواردنەوەی تەنانەت بڕێکی کەمیشی دەتوانێت مرۆڤ بکوژێت.
وەزارەتەکە وتی، “نموونەکان دەرکەوتوون کە ماددەی DEGـیان تێدایە بە رێژەیەک کە لە ئاستی رێگەپێدراو زیاترە”.

