پێشبینی دەكرێت لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا شەپۆلێكی خۆڵبارین ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بگرێتەوە، لە هەمانكاتدا پلەكانی گەرماش بەرەو نزمبوونەوە دەچن.
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) دەڵێت: پێشبینی دەكرێت لە ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممەوە شەپۆلێکی تری خۆڵبارین ڕِوو لە هەرێمی کوردستان بکات، کاریگەری شەپۆلەكە هەتا ڕِۆژی هەینی بەردەوام دەبێت .
دەشڵێت: پێشبینی دەكرێت هەر لە ڕۆژی پێنج شەممەوە پلەکانی گەرما بەڕێژەیەكی بەرچاو دابەزن، بەتایبەت لە ڕِۆژی هەینیدا كە پێشبینی دەكرێت لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی كوردستان پلەکانی گەرما 7 تا 10 پلەی سیلیزی دادەبەزێت.
گەڵۆزی ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی ئەم دابەزینەی پلەی گەرما، كەشوهەوا بەتەواوی فێنك دەبێت بەتایبەت لە شەواندا، كە کەشەكە تاڕادەیەك بەرەو سەرما دەچێت.
