spot_imgspot_img

غەززە دوای دوو ساڵ لە حەوتی ئۆکتۆبەر

دوو ساڵ بەسەر شەڕی حەوتی ئۆکتۆبەردا تێپەڕی، بەڵام غەززە هێشتا لەژێر داروپەردووەکانی شەڕدایە، ئەمەی لەم ڕاپۆرتەدایە تەنها ژمارەیەکی سارد و سڕ نین، بەڵکو دیمەنی شارێکە کە لە نەخشەی ناوچەکەدا دەسڕێتەوە.

زیانەکان کە گەیشتوونەتە ٦٨ملیار دۆلار، ماڵە وێرانەکان، شەقامە تێکشکاوەکان، و کشتوکاڵێکی نزیکەی نەماو نیشانەی داڕمانی تەواون.

لە هێرشێکی بێ وێنەوە بۆ شەڕێکی بێ کۆتایی
شەڕ دەستیپێکرد، دوای ئەوەی بزووتنەوەی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ هێرشێکی بێ وێنەی لە باشووری ئیسرائیل، لە کەرتی غەززەوە، ئەنجامدا، بەمەش ئیسرائیل خوێناویترین ڕۆژی لە مێژووی خۆیدا بەسەربرد.

ئەم هێرشە بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی وێرانکەر، لەکاتێکدا دانوستانەکانی ناڕاستەوخۆ لە میسر بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕە بەڕێوەدەچن، بەڵام هێشتا هەر بەردەوامە.

وێرانییەکی گشتگیر و ژمارە شۆکهێنەرەکان
لەم ڕۆژەوە، ئیسرائیل بەردەوامە لە هەڵمەتی سەربازیی خۆی دژی حەماس لە کەرتی غەززە، کە وێرانییەکی زۆر و کوشتارێکی بەرفراوانی لێکەوتووەتەوە.

بەپێی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگیری دەکات، لانیکەم ٦٧١٦٠ فەلەستینی لە سەرەتای شەڕەکەوە کوژراون.

لەبارەی زیانە ماددییەکانیشەوە، گەڕەکەکان بە تەواوی وێران کراون، زۆربەی ماڵ و نەخۆشخانە و مزگەوت و قوتابخانە و ژێرخانەکان داڕماون.

لەسەرەتای شەڕەکەوە، سەدان هەزار فەلەستینی بێ ماڵ و حاڵن، لە کەمپە قەرەباڵغەکان و زەوییە کراوەکاندا دەژین، کە تێیدا کەم ئاوی و نەبوونی خۆراک و خزمەتگوزارییەکانی ئاوەڕۆییان لێ قەدەغە کراوە.

ژمارەکان باس لە کارەساتێک دەکەن
داتا سەرەتاییە بڵاوکراوەکان لەلایەن دامەزراوە فەلەستینی و نێودەوڵەتییەکان قەبارەی کارەساتەکە دەردەخەن:

  • ٦٨ ملیار دۆلار: خەمڵاندنی زیانە ئابوورییە ڕاستەوخۆکانی شەڕ تا ئێستا.
  • ٤٠٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون: بە تەواوی یان بەشێکیان وێران بوون.
  • ٣٨ نەخۆشخانە و ٤٩٤ دامەزراوەی پەروەردەیی: لە کار کەوتوون.
  • ٢.٨ ملیۆن مەتر ڕێگاوبان: وێران بوون، کە جووڵەی بازرگانی و شارستانی پەکخستووە.
  • ٪٩٤ی زەوییە کشتوکاڵییەکان: چیتر شیاوی بەکارهێنان نین.
  • ٢٨٨ هەزار خێزان: ماڵەکانیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا ژمارەی ئاوارەبووان زیاتر لە دوو ملیۆن کەسە.

ئەم ژمارانە وا دەکەن غەززە ببێتە یەکێک لە وێرانترین ناوچەکانی جیهان بە بەراورد بە ڕووبەر و ژمارەی دانیشتوانی.

بەپێی خەمڵاندنەکانی د. محەمەد شتییە، سەرۆک وەزیرانی پێشووی فەلەستین، پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە ٨٠ ملیار دۆلاری پێویستە، کە ٢٠ ملیار دۆلاری بەپەلە لەسێ ساڵی یەکەمدا بۆ گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لە ئاو و کارەبا و خانووی کاتی پێویستە.

غەززە.. ئابوورییەکی داتەپاو
ئەم وێرانییە هیچ کەرتێکی نەهێشتووەتەوە کە نەیگرتبێتەوە، ئیفلیج بوونی بازرگانی، داڕمانی بەرهەمی ناوخۆ، بێکاری و هەژاری بە ڕێژەیەکی بێ وێنە، و نادیاربوونی ئاسۆی ئاوەدانکردنەوە بەهۆی گەمارۆ و کەمیی هاوکاری نێودەوڵەتی. هەموو ئەمانە وا دەکەن غەززە ببێتە نموونەیەک بۆ ئابوورییەک کە لەژێر گەمارۆ و شەڕە یەک لە دوای یەکەکاندا خنکێنراوە.

پێشتر، د. محەمەد شتییە، سەرۆک وەزیرانی پێشووی فەلەستین، لە قسەکردنی بۆ پرۆگرامی “بزنس لەگەڵ لوبنا” لە سکای نیوزی عەرەبی، وتبووی؛ کە پێشینەی ڕاستەقینەی فەلەستینییەکان لەم قۆناغەدا تەنها گفتوگۆی سیاسی نییە، بەڵکو پێویستی بە دەستێوەردانێکی بەپەلەیە بۆ دابینکردنی پێداویستییە مرۆییە سەرەتاییەکان.

شتییە ڕوونیکردەوە، یەکەم لەو پێشینانە بریتییە لە ڕاگرتنی خوێنڕشتن و کۆتاییهێنان بە کۆمەڵکوژییەکان دژی هاووڵاتیان، جگە لە هێنانی ماددە خۆراکییەکان لە ڕێگەی دەروازەکانەوە بە شێوەیەکی ڕێکخراو، چونکە هەزاران بارهەڵگر چاوەڕێی چوونە ناو کەرتی غەززەن، لەکاتێکدا نەخۆشخانەکان تووشی کەمییەکی توند لە سووتەمەنی و دەرمان بوون، و نزیکەی ٢٠٠ هەزار بریندار مەترسی لەدەستدانی ژیانیان لەسەرە.

ئاماژەی بەوەدا کە گەڕاندنەوەی تۆڕەکانی ئاو و کارەبا مەرجێکی سەرەکییە بۆ گەڕاندنەوەی کەمترین ئاستی ژیان بۆ غەززە، دووپاتیشی کردەوە کە کارمەندانی فەلەستینی ئامادەن بۆ دەستێوەردانی خێرا.

دەسەڵاتی نیشتمانی خاوەنی ١٩ هەزار ئەندامی ئەمنی و زیاتر لە ١٨ هەزار فەرمانبەری مەدەنییە کە دەتوانن دەستبەجێ دامەزراوەکان بەڕێوەببەن گەر ویستی سیاسی و پشتگیری نێودەوڵەتی هەبێت.

کێشەی دارایی: کێ ٨٠ ملیار دۆلارەکە دەدات؟
سەبارەت بە دابینکردنی دارایی چاوەڕوانکراو بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە، شتییە ئاماژەی بەوەدا کە ئەزموونی پێشوو پڕ بووە لە بەربەست، بەڵێنە نێودەوڵەتییەکان، سەرەڕای زۆری ژمارەکانیان لە کۆنفرانسەکاندا، هەمیشە ناگۆڕێن بۆ پارەی ڕاستەقینە، و زۆرجار بە دواکەوتنێکی زۆرەوە دەگەن.

بۆ نموونە، دوای شەڕی ٢٠١٤ی غەززە، بەڵێنە نێودەوڵەتییەکان لە ٥ ملیار دۆلار تێپەڕی، بەڵام ئەوەی بە کردەوە خەرج کرا کەمتر بوو لە نیوەی ئەم بڕە.

شتییە ئاماژەی بەوەدا؛ کێبڕکێ لەسەر دابینکردنی دارایی لەنێوان دۆسیە گەرمەکانی تر وەک سووریا، لوبنان، یەمەن، و سوودان، ڕەنگە پشکی غەززە لە پشتگیری نێودەوڵەتی کەمبکاتەوە.

سەرەڕای ئەوەش، جەختی لەوە کردەوە کە غەززە دەبێت پێشینە بێت، لەبەر ئەو واتا سیاسی و مرۆییەی کە هەیەتی، و ناوەندی بوونی لە دۆسیەی ئاشتیی ناوچەییدا، داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بەڵێنەکان بکەنە پارەی ڕاستەقینە بە خێرایی، بۆ ئەوەی دووبارە نەبێتەوە کارەساتی دواکەوتن و پەککەوتنی دامەزراوەیی کە لە ئەزموونەکانی پێشوودا بینرا.

پلانی ئاشتی لە غەززە.. چارەنووسی شکست
شتییە، جەختی لەوە کردەوە کە ئاوەدانکردنەوەی غەززە پێویستی بە ستراتیژییەتێکی گشتگیر هەیە کە پێکدێت لە:

  • پلانێکی گشتگیر: کە لەسەری ڕێککەوتن کرابێت لەسەر ئاستی فەلەستین و عەرەبی، بۆ دیاریکردنی پێشینەکانی ئاوەدانکردنەوەی ژێرخان و نیشتەجێبوون و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان.
  • کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی بەخشەران: بە ئامانجی کۆکردنەوەی دارایی، هاوشێوەی کۆنفرانسەکانی پێشووی قاهیرە کە پشتگیری دارایی گرنگیان بۆ کەرتی غەززە دابین کرد.
  • میکانیزمی شەفاف بۆ خەرجکردن و بەدواداچوون: بۆ دڵنیابوون لە گەیشتنی ڕاستەوخۆی پارە بۆ پڕۆژە مەبەستدارەکان بەبێ دزی یان گەندەڵی.
  • ڕۆڵی محەوەری دەسەڵاتی نیشتمانیی فەلەستین: وەک تاکە لایەنی شەرعی کە توانای بەڕێوەبردنی تەواوی پرۆسەکەی بە شێوەیەکی کاریگەر هەیە.

شتییە هۆشداری دا لە هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ خاوکردنەوە یان بەسیاسی کردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە، وەک بەکارهێنانی کۆنتڕۆڵی ئیسرائیل لەسەر کردنەوەی دەروازەکان و هاتنە ژوورەوەی کەرەستە سەرەکییەکان وەک ئامرازێکی گوشاری ئەگەری.

دووپاتیشی کردەوە کە پێویستە گەرەنتی نێودەوڵەتیی پابەندکەر دابنرێت بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی دۆسیەی ئاوەدانکردنەوە، جەختی لەوەشکردەوە کە سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە پشت بە سەرپەرشتی تەواوی فەلەستینی و سەرچاوەیەکی ڕوونی یاسایی و چاودێری دارایی دەبەستێت.

شەڕی غەززە برینی ئابووری و کۆمەڵایەتی بێ وێنەی لێکەوتووەتەوە، بەڵام قۆناغی دوای شەڕ ڕەنگە داهاتووی دۆزی فەلەستین بۆ چەندین دەیە دیاری بکات.

کێشەکە تەنها لە دابینکردنی ٨٠ ملیار دۆلار نییە بۆ ئاوەدانکردنەوە، بەڵکو لە گەرەنتی کردنی میکانیزمە سیاسی و ئابوورییەکانە کە فەلەستینییەکان توانای بنیادنانی دامەزراوەکانی خۆیان پێ ببەخشن و ڕێگە لە ئیسرائیل بگرێت لە گۆڕینی هاوکارییەکان بۆ ئامرازێکی گوشار.

وەک شتییە وتی، پێشینەی سەرەکی ئەمڕۆ بریتییە لە ڕاگرتنی خوێنڕشتن، هێنانی خۆراک و دەرمان، و کارپێکردنی نەخۆشخانەکان، پاشان گەورەترین ئەرک دەست پێ دەکات: گۆڕینی بەڵێنەکانی ئاوەدانکردنەوە بۆ ڕاستی، و بەرجەستەکردنی خەونی دەوڵەتی فەلەستین.

پرسیاری گرنگتر ئەوەیە، دوای دوو ساڵ لە شەڕی حەوتی ئۆکتۆبەر:

ئایا بەڵێنەکان دەبنە کردار پێش ئەوەی هیوا ببێتە دوا قوربانی؟

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە