سبەی سێ شەممە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەنجام دەدرێت و چاوەڕوان دەكرێت تاوتوێی بابەتی ناردنی مووچەی مانگەكانی 8 و 9ی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بكرێت.
میدیای فەرمی پارتی بڵاویكردەوە، سبەی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەدەچێت، هەرچەندە لە كارنامەی كۆبوونەوەكەدا بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی تێدا نییە، بەڵام زانراوە كە لە پاشكۆی كۆبوونەوەكە باس لەم بابەتە گرنگە دەكرێت.
بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەیەك، لە كۆبوونەوەی سبەی سێ شەممەدا، وەزیرە كوردەكان پێشنیار دەكەن لە پاشكۆی كۆبوونەوەكە پرسی مووچەی مانگەكانی 8 و 9ی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان زیاد بكرێت.
دوای هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە، هیچ بیانۆیەك لەبەردەم حكومەتی عێراق نەماوەتەوە بۆ نەناردنی مووچە، بۆیە پێشبینی دەكرێت لە كۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیران، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر ناردنی مووچە بدات.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشداوە، كۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیران سەرەتا بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی مانگی 8 دەدرێت، دوای تێپەڕبوونی ماوەیەك بەهەمانشێوە بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی مانگی 9ش دەدرێت.
جەختیشی كردۆتەوە، دەبێت پێش هاتنی سەری ساڵ و داخستنی بودجەی ساڵ، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هاوتای مووچەی پارێزگاكانی عێراق بكرێت و دواكەوتنی تێدا نەمێنێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەمڕۆ دوو شەممە، شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، هەولێر و بەغدا ئێستا ڕێككەوتوون و ناردنی مووچە بەردەوام دەبێت و بەپێی ڕێككەوتنەكە هەموو مووچەكانی ئەمساڵ دەدرێن.
جەختیشی كردەوە، بەغدا هیچ بیانوویەكی نەماوە بۆ ناردنی مووچە و سودانی بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران دەتوانێت بڕیاری خەرج كردنی مووچە بدات.
