سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی سۆسیال دیموكراتی كوردستان دەكات و ڕایدەگەیەنن، حكومەتی بەغدا تەنگەژە بۆ گەلی كورد و قەوارەی هەرێم دروست دەكات.
نووسینگەی سەرۆكی حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ ٦ـی تشرینی یەکەمی ۲٠۲٥ لە پیرمام محەمەد حاجی مەحمود، سەردانی مەسعود بارزانی کرد.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، لەدیدارەکەدا، باس لە بارودۆخی سیاسی ناوچەکە و عێراق بەگشتیی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی و “ئەو تەنگەژانەی کە حکومەتی بەغدا بۆ گەلی کورد و قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستانی دروست دەکات” کرا.
ئاماژە بەوەشكراوە، “باس لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و گرنگی یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی هێز و لایەنە سیاسییەکان کرا لەپێناو چەسپاندنی مافە ڕەواکان و بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان”.
لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، “تەئکید لە پەیوەندی دۆستانە و لەمێژینەی نێوان هەردوولا کرایەوە”.


