سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران دەربارەی مووچەکانی مانگی 8 و 9ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراق بڕیاری پێدانی مووچەکانی ئەو دوو مانگەی نەداوە ئەگەرنا ئێمە ئامادەین داهاتی ناوخۆ بۆ ئەو دوو مانگە ڕەوانەی بەغدا بکەین.
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئێمە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مسۆگەرکردنی مووچەکانی فەرمانبەران و مووچەخۆران ئامادەین پشکی گەنجینەی حکوومەتی فیدراڵ بۆ مانگەکانی 8 و 9 بدەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا حکومەتی عێراق بڕیاری پێدانی مووچەکانی ئەو دوو مانگەی نەداوە، وتیشی: دەنگۆی ئەوە هەبوو کە بۆیە مووچەکان ڕەوانە ناکرێت لەبەر ئەوەیە حکومەتی هەرێم داهاتی نانەوتی نانێرێت، بۆیە لێرەوە ڕایدەگەیەنین، هەرکات ڕێکارەکانی مووچەی مانگەکانی 8 و 9 گیرایەبەر، ئێمە ئامادەین داهاتی نانەوتی ڕادەست بکەین.
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ڕاشیگەیاند، لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار درا ئێمە نامەیەک بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق بنێرین، کە نامەکە بە واژۆی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی لەسەرە، کە تیایدا داوامان کردووە پشت بە بۆچوونی ئەنجوومەنی دەوڵەتی نەبەسترێت، چونکە بنەمای پابەندی بۆ هەردوولامان تیادا نییە.
ئومێد سەباح دەشڵێت، بژاردەی ئێمە ئەوەی لە رێگەی ڕێککەوتنێکی حکومی کە چۆن لەسەر نەوت ڕیککەوتین، بەهەمان شێوە لەسەر داهاتە ناوخۆییەکانیش ڕێککەوین. بۆیە هیوادارین حکومەتی فیدرال بەدەم داواکارییەکەوە بێت.
