ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم کۆمەڵێک بڕیاری لە بەرژەوەندی پارێزگای هەڵەبجە دەرکردووە، کە وەک دیاری پێشکەشی دانیشتوانی سنوورەکە کراون.
ئومێد سەباح، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە هەڵەبجە ئەمڕۆ دووشەممە، ڕایگەیاند: کۆمەڵێک بڕیاری باش لە بەرژەوەندی خەڵکی هەڵەبجە دراوە، کە وەک دیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بۆ هاووڵاتیانی شارەکە.
وتیشی: بڕیار دراوە بەگوژمەی 25 ملیار دینار پرۆژە لە هەڵەبجە ئەنجام بدرێت، هەروەها کار لەسەر ئەوە کراوە ژێرخانی کارگێڕی بۆ پارێزگای هەڵەبجە فەراهەم بکرێت.
ڕاشیگەیاند: لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم 500 کەس بۆ پارێزگاکە دامەزرا، دواتر 52 کەسی دیکەش زیادکرا.
باسی لەوەشکرد: سەرۆک وەزیران، لەسەر داوای پارێزگار و ئەنجوومەنی پاڵپشتیی هەڵەبجە بڕیاری داوە 250 کەسی دیکە بۆ پارێزگاکە دابمەزرێنێت.
