دوای دوانزە رۆژ لە شەڕێکی خوێناوی نێوان ئێران و ئیسرائیل، کە بە راگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە کۆتایی هات، وادیارە لە تاران ئارامی تەنها پشوویەکی کورتە پێش دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی ململانێ.
بەرپرسان و سەرکردەکانی ئێران، کە قەبارەی زیانەکان و قووڵایی دزەکردنەکانی ئیسرائیلیان بینی، دەزانن کە رووبەڕووبوونەوەکە کۆتایی نەهاتووە، بەڵکو چۆتە قۆناغێکی ئاڵۆزتر و مەترسیدارترەوە.
لەو کاتەوە، دەزگای سیاسی و سەربازی ئێران دەستیان بە پێداچوونەوەی هەڵەکان و هەڵسەنگاندنەوەی ئامرازەکانیان کردووە، لە بنیاتنانەوەی توانا سەربازییەکانەوە تا پەرەپێدانی ستراتیژی نوێ کە تەنها بەرگری ناگرێتەوە، بەڵکو بژاردەی دەستپێکردنی هێرش دەخاتە سەر مێز، وەک ئامادەکارییەک بۆ هەر هێرشێکی کتوپڕی ئیسرائیل کە لە هەر ساتێکدا رووبدات.
هێرش لەبری بەرگری؟
ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە لێدانێکی سەختی بەرکەوت، تێیدا دیارترین سەرکردە سەربازییەکانی و دەیان زانای ناوەکی کە بەرپرسی پەرەپێدانی پرۆگرامی ناوەکی بوون، لە ئۆپەراسیۆنە کتوپڕەکاندا لەدەست دا، کە هیچ کەسێک لەناو ئێراندا پێشبینی نەدەکرد، ئەمەش کاریگەری هەبوو لەسەر خێرایی وەڵامدانەوەی ئێران بەهۆی چڕی هێرشەکان و جۆراوجۆری ئامانجەکانی نێوان تیرۆرکردن و هێرشکردنە سەر دامەزراوە سەربازی و ناوەکییەکان.
ئەم دۆخە سەرکردە سەربازییەکانی ناچار کرد کە پێداچوونەوە بە ستراتیژە بەرگرییە نەریتییەکان بکەن, سەرچاوەیەکی سیاسی نزیک لە سوپای پاسداران بە پێگەی “عربي بوست”ی راگەیاندووە؛ “سەرکردە سەربازییەکانی ئێران، دوای کۆتایی هاتنی شەڕەکە، بە پەلە دەستیان بە هەڵسەنگاندنەوەی سیستمی بەرگری کرد و دوای مشتومڕێکی درێژ، ئێستا ئاراستەکە بەهێزترە بەرەو پەیڕەوکردنی ستراتیژی دەستپێکردنی هێرش لەبری تەنها بەرگری و چاوەڕێکردنی لێدانەکان.”
سەرچاوەکە دەڵێت: “هەندێک لە سەرکردەکانی سوپای پاسداران، کە لە 13ی حوزەیران لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژران، ماوەیەکی زۆر پابەند بوون بە سیاسەتی ئارامگرتنی ستراتیژی و خۆڕاگری بۆ دوورکەوتنەوە لە شەڕێکی گشتگیر، بەڵام هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ژمارەیەک لە سەرکردەکانی قایل کرد کە ئەم سیاسەتە ئیسرائیلی بوێرتر کردووە و ئێرانی بە لاواز پیشانداوە.”
شیکەرەوەیەکی سەربازی ئێرانی نزیک لە سوپای پاسداران دەڵێت: “ئێران لە چەندین ساڵی رابردوودا پشتی بە ستراتیژیی بەرگری نەریتی بەستووە، پشت بە هاوپەیمانان لە تەوەرەی بەرگری بۆ دابینکردنی بەرەی پێشەوە، بەڵام شەڕی دوایی و بەئامانجگرتنی حزبوڵڵا لە لوبنان ئاشکرایکرد کە سیاسەتی ئارامگرتنی ستراتیژی کاریگەر نەماوە.”
ئەو شیکەرەوەیە دەڵێت: “ئەم پابەندبوونە بە ستراتیژە نەریتییەکان وایکرد کە ئیسرائیل بتوانێت زۆربەی کاردانەوەکانی ئێران پێشبینی بکات، لە ئەنجامدا توانی لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا بە شێوەیەکی کاریگەر هێرشی بکاتە سەر بۆیە، ئێستا ئاراستەیەکی بەهێز هەیە بۆ سەرسوڕهێنانی دوژمن و دەستپێکردنی هێرش.”
قەیرانی ئاسایش و پاراستنی مووشەکە ئێرانییەکان
دەزگای سەربازی ئێران پێی وایە گەورەترین ئاڵنگاری ئێستا تەنها پاراستنی دامەزراوە ناوەکییەکان و کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی بەرز نییە، بەڵکو بنیاتنانەوە و دابینکردنی سەلامەتی دامەزراوەکانی دروستکردنی مووشەک و سووتەمەنییەکانیش دەگرێتەوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاگادار راگەیاندووە: “دزەکردنە قووڵەکانی ئیسرائیل ئەرکی بنیاتنانەوەی دامەزراوە مووشەکییەکانی قورستر کردووە، لە کاتێکدا ئێران پێویستی بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی مووشەکەکانە.”
دەشڵێت: “هێرشەکانی ١٣ی حوزەیران، کە ئێرانیان کردە ئامانج و بووە هۆی تیرۆرکردنی سەرکردە و زانا گەورەکانی، ئەنجامی دزەکردنی ئەمنی کەڵەکەبوو بوو لەناو دەزگا ئێرانییەکان، بۆیە ئێستا کار لەسەر رێکخستنەوەی دەزگا ئەمنییەکان دەکەین، لەگەڵ بنیاتنانەوەی توانا مووشەکییەکان، بەڵام دەزانین کە ئیسرائیل بریکاری هەیە و هێشتا لەناو ئێراندا چالاکن، چاودێری هەر جووڵەیەک لەم بوارەدا دەکەن.”
شیکەرەوەیەکی سەربازی تر جەخت دەکاتەوە کە “ئیسرائیل دامەزراوە مووشەکییەکانی لەسەر لیستی یەکەمی ئامانجەکانی داناوە وەک دامەزراوە ناوەکییەکان، بۆیە تاران هەوڵ دەدات نهێنی بپارێزێت و ئۆپەراسیۆنەکانی بنیاتنانەوە دابین بکات، بە ئامانجی زیادکردنی بەرهەمهێنانی مووشەک وەک ئامادەکاری بۆ شەڕی داهاتوو.”
دیپلۆماسییەت و ناڕوونی ناوەکی
پرۆگرامی ناوەکی ئێران هێشتا لە ناوەندی ململانێدایە، هەندێک لە بەرپرسان پێیان وایە کە شکستی رێگەی دیپلۆماسی و نەگەیشتن بە رێککەوتنێکی ناوەکی لەگەڵ رۆژاوا، بیانوو دەداتە دەست ئیسرائیل بۆ هێرشکردنەوە سەر ئێران.
لە لایەکی ترەوە، بازنەکانی بنەماخواز فشار دەخەنە سەر بەردەوامبوون لە سیاسەتی “ناڕوونی ناوەکی” لە رێگەی وەستاندنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و ئاشکرا نەکردنی چارەنووسی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی بەرز.
ئێحسان قەدیری، سیاسی چاکسازیخواز، بە “عربي بوست”ی راگەیاندووە: “ئێران دەتوانێت خۆی لە ململانێیەکی نوێ بپارێزێت ئەگەر ئیرادەی سیاسی بۆ بەردەوامبوون لە رێگەی دیپلۆماسی هەبێت، بەڵام پێداگرتن لەسەر ناڕوونی ناوەکی بەبێ رێککەوتن، هۆکارێکی بەهێز دەداتە دەست ئیسرائیل بۆ دەستپێکردنی هێرشی خوێناوی دژ بە وڵاتەکەمان.”
بەڵام دەنگە بنەماخوازەکان وەڵام دەدەنەوە کە هێرشی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی شەشەمین گەڕی دانوستانەکانی ناوەکی بەڵگەیە لەسەر “خەیاڵی متمانە بە دیپلۆماسی”.
بەرپرسێکی بنەماخوازی نزیک لە دەزگای سیاسیش دەڵێت: “ئەمریکییەکان و ئەوروپییەکان ئێستا ئێران بە لاواز دەزانن، دەیانەوێت سازشی گەورەی لێ وەربگرن، تاکە کارتی دەستی تاران بریتییە لە پێداگرتن لەسەر مافی پیتاندن و پاراستنی ناڕوونی ناوەکی.”
کێشەی ستراتیژی
دەزگای سیاسی ئێران لەبەردەم کێشەیەکی راستەقینەدایە:
پابەندبوون بە داواکارییەکانی رۆژاوا بۆ راگرتنی پیتاندن، یان پێداگرتن لەسەر هەڵوێستی رەتکەرەوەی و ئامادەکاری بۆ سەرکێشی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا؟
شیکەرەوەیەکی سەربازی نزیک لە سوپای پاسداران دەڵێت: “راگرتنی پیتاندن ناپاکییە لە خوێنی ئەو زانا و سەرکردانەی کە گیانیان لەدەست دا، بەڵام پێداگرتن لەسەری، دەبێت هاوشان بێت لەگەڵ رێوشوێنی سەربازی بەهێز و توانا رێگریکەرەکان، تەنانەت ئەگەر گەیشتە ئاستی رێگری ناوەکیش.”
سێ سیناریۆی ئەگەری
بەپێی سەرچاوە ئێرانییە ئاگادارەکان، تاران سێ سیناریۆ بۆ قۆناغی داهاتووی ململانێ لەگەڵ ئیسرائیل پێشبینی دەکات:
- ململانێیەکی بەرفراوان:سەرهەڵدانی رووبەڕووبوونەوەیەکی راستەوخۆ، کە هێرش و تیرۆرکردنی دوولایەنە دەگرێتەوە، لەگەڵ بەردەوامبوونی ئێران لە پاراستنی کۆگای یۆرانیۆم و بەهێزکردنی بەرگرییە ئاسمانییەکانی و بنیاتنانی توانا مووشەکییەکانی بە یارمەتی رووسیا و چین، بەڵام ئەم سیناریۆیە مەترسی لەدەستدانی کۆنترۆڵی شەڕەکە و فراوانبوونی مەوداکەی لەخۆدەگرێت.
- پەنابردنە بەر رێگری ناوەکی:لە ئەگەری پێداگرتنی ئیسرائیل لەسەر رووخاندنی رژێم، لەوانەیە ئێران ناچار بێت چەکێکی ناوەکی پەرەپێبدات وەک دوا رێگری، بەڵام ئەمە دەبێتە هۆی گۆشەگیری نێودەوڵەتی بەرفراوانتر و مەترسیی چاوەڕواننەکراو.
- گەڕانەوە بۆ ئارامگرتنی ستراتیژی:بژاردەی کەمکردنەوەی پێکدادان و بەشداریکردن لە دیپلۆماسی، لەگەڵ تەرکیزکردن لەسەر بنیاتنانەوەی توانا مووشەکی و سەربازییەکان و قووڵکردنەوەی هاوکاری لەگەڵ رووسیا و چین، ئەم سیناریۆیە ئامانجی پاراستنی رژێم و دوورکەوتنەوە لە رووبەڕووبوونەوەیەکی وێرانکەرە، بەڵام هێشتا بە هەڵوێستی ئیسرائیل و وڵاتە زلهێزەکانەوە بەندە.
