spot_imgspot_img

لە عێراق نەوت بە 30 هەزار و لە هەرێم بە 104 هەزار دابەش دەكرێت

 

لەگەڵ دەستپێكردنی وەرزی پاییز و نزیك بوونەوە لە سەرما، لە تەواوی عێراق و هەرێم لەلایەن هەردوو حكومەتەوە دەست بە دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیان دەكرێت، بەڵام وەزارەتی نەوت بەرمیلی بە 30 هەزار و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەرمیلی بە 104 هەزار دەدات بە هاووڵاتیان.

بەپێی ڕاگەیەنراوی بەڕێوەبەرایەتییەكانی نەوت لە پارێزگاکانی (نەینەوا، کەرکوک، ئەنبار و سەڵاحەدین) پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیاندا دەستیپێکردووە، بە شێوەیەک کە هەر ١٠٠ لیتر نەوت بە ١٥ هەزار دینار دەدرێت بە هاووڵاتیان.

بەپێی بڕیاری وەزارەتی نەوتی عێراق مانگانە هەر خێزانێك بڕی نیو بەرمیل (100 لیتر) نەوتی پێ‌ دەدرێت بە 15 هەزار دینار.

لە کاتێکدا نرخەکە لەم پارێزگایانەدا دیاریکراوە، بەڵام بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی پسووڵەی خۆراکی هەڵەبجە، نرخی نەوتی سپی نەگۆڕاوە و وەک ساڵانی رابردوو دەمێنێتەوە، کە هەر بەرمیلێک نەوت (٢٠٠ لیتر) بە ١٠٤ هەزار دینار بە هاووڵاتیان دەدرێت.

بەڕێوەبەرایەتی پسووڵەی خۆراكی هەڵەبجە لە ئاگادارینامەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە، هیچ گۆڕِانكارییەك بەسەر نرخی نەوتی سپیدا نەهاتووە و وەكو ساڵانی ڕابردوو بەسەر هاووڵاتیان دابەش دەكرێت.

بەڕێوەبەرایەتییەكە دەشڵێت: لە قۆناغی یەكەمدا دابەشكردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەكانەوە دەست پێدەكات و نرخی هەر بەرمیلێكیش بڕی 104 هەزار دینارە.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوای ڕادەستكردنی نەوتی هەرێم بە كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی، حکومەتی عێراق بڕیاریدا ڕۆژانە ٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێداویستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابین دەکات و ئەو بڕە لە هەناردەی نەوت بۆ هەرێم بگەڕێنێتەوە.

بەڵام تاكو ئێستا هیچ بڕیارێكی فەرمی لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمەوە ڕانەگەیەنراوە، ئەم بڕە نەوتی دەدرێت بە هاووڵاتیان نرخەكەی كەم دەكرێتەوە یان وەك ساڵی ڕابردوو دەبێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە