هەشت وڵاتی ئەندامی ئۆپێک پلەس بڕیاریاندا ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت بەرزبکەنەوە و عێراقیش یەکێکە لە سووودمەندەکان.
ڕۆژی یەکشەممە، کۆبوونەوەیەکەی ئاسایی لەبارەی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن ئۆپیک پلەسەوە بەڕێوەچوو، هەشت وڵاتی ئەندامی ئۆپێک پلەس ڕایانگەیاند، ڕێککەوتوون لەسەر بەرزکردنەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ مانگی تشرینی دووەم بە ڕێژەی 137 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بە بەراورد بە ئاستی مانگی تشرینی یەکەم.
ئەم بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا درا بەتایبەت ئەو وڵاتانەی ئەندامی ئۆپێک پلەسن کە پێشتر خۆبەخشانە بەرهەمەکانیان کەمکردبووەوە، لەوانە: ڕووسیا، سعودیە، عێراق، کازاخستان، کوێت، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، عومان و جەزائیر.
بەپێی ئەنجامی کۆبوونەوەکە، ئاستی بەرهەمی عێراق بۆ چوار ملیۆن و 255 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز دەبێتەوە، و کازاخستان دەتوانێت لە مانگی تشرینی دووەمدا بەرهەمی نەوتی خۆی بۆ ملیۆنێک و 563 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاد بکات، هاوکات.
ڕوسیا لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا دەتوانێت بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی بە بڕی 41 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاد بکات و دەگاتە 9 ملیۆن و 532 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، هاوکات ئاستی بەرهەمهێنانی سعودیە بۆ 10 ملیۆن و 61 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز دەبێتەوە.
ئۆپێک پلەس لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی ئاسۆی ئابووری جیهانی بەهێز و بارودۆخی لەباری ئێستای بازاڕ، کە ڕەنگدانەوەی دابەزینی عەمبارکردنی نەوتە، هەشت وڵاتی بەشداربوو بڕیاریان داوە بەرهەمەکانیان بە ڕێژەی 137 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا ڕێکبخەن، بە بەراورد بە کەمکردنەوەی زیادەی خۆبەخشانە کە بڕی یەک ملیۆن و 650 هەزار بەرمیل بوو لە ڕۆژێکدا. بەمەش لە مانگی داهاتووەوە ئەم بڕیارە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە وڵاتان بەردەوام دەبن لە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی بازاڕ و گرنگیی گرتنەبەری ڕێوشوێنی تەواو بۆ چاودێریکردنی بازاڕی نەوت و ڕێگری لە هەڵئاوسانی کتوپر، هاوکات بەشداربووان دەتوانن زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوت ڕابگرن یان هەڵبوەشێننەوە، لەوانەش هەڵگرتنی سنووردارکردنی خۆبەخشانە 2.2 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
