spot_imgspot_img

بۆچی حەماس بە (پلانەکەی ترەمپ) ڕازی بوو؟

پ. د. سەعید عەلی محەمەد

مەیدان و گۆڕەپانی گفتوگۆ لە ڕووی ستراتیژیەوە هیچی کەمتر نیە لە کاریگەریی و گرنگی مەیدان و گۆڕەپانی جەنگ و ڕووبەڕوو بوونەوەو بەرەنگاریی، هەریەک لەم دوو مەیدانەش پیاوی ئازاو کەسی شیاوو لێهاتووی خۆی دەوێت، هەریەک لەم دوو مەیدان و گۆڕەپانە بنەماو ڕێساو شارەزایی و لێزانین و زیرەکی و حیکمەت و عەقڵ و جورئەت و بوێریی دەوێت، مەیدانی شەڕ و مەیدانی ئاشتی و گفتوگۆ لەهەموو یاساو کتێبە ئاسمانی و زەمینیەکاندا ئاماژەیان بۆ کراوەو بایەخ و گرنگی تایبەتیان پێ دراوە!

پێشبینی دەکرێ گفتوگۆکانی ئەمجارەی نێوان بزووتنەوەی حەماس و لایەنی بەرانبەر (ئیسرائیل و ئەمریکا) مەترسیدارترین و سەخترین و هەستیارترین گەڕی گفتوگۆکانیان بێ بە بەراورد لەگەڵ گفتوگۆکانی ڕابردوو .! ئەوەی هەستی پێ دەکرێ سەرکردایەتی حەماس زۆر زیرەکانەو بەوردی و هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخ و پێشهات و گۆڕانکاریەکاندا دەکات، بۆیە دەیەوێت لەچوارچێوەی ئەوەی پێی دەکرێ و لەتوانایدا هەیەو بارودۆخەکە ڕێگە دەدات بەکەمترین زیان و بێ تەسلیم بوون بە ویست و ئیرادەی لایەنی بەرانبەر پلانەکەی ترەمپیش قەبوڵ بکات یان تاقی بکاتەوە ! لەواقیعدا حەماس هەڵوێستی نە (ڕەتکردنەوەی تەواو) نە (پەسەندکردنی تەواو) ی گرتوەتەبەر بەرانبەر نەخشە پێشنیارکراوەکەی ترەمپ، دەگونجێت ئامانجی ئەوەبێ دەرگایەکی تر بکاتەوەو دەرچەیەکی نوێ بداتە دانوستانەکان لە پێناو ئارام کردنەوەی لایەنەکان و وەرگرتنی وچانێک و سوود وەرگرتنی زیاتر لەکات کەئەمەش بەهەنگاوە زیرەکانەو عەقڵانیەکە لەقەڵەم دەدرێ.

نەرمی نواندنی حەماس بەرانبەر پلانەکەی ترەمپ پێدەچێت لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە بێت:

یەکەم / دامرکاندنەوەی دەروون و تەغزیەکردنی کەسایەتی فرەڕەنگیی و نێرگیسیانەی ترەمپ ، واتە حەماس خوێندنەوەی وردی بۆ باری دەروونی و پێکهاتەی کەسایەتی سەرۆکی ئەمریکا هەیەو، دەزانێت کە ترەمپ تینووی ئەو ئارەزووەیە ئاماژەی ئەوە بەهەموو لایەک بدات توانیویەتی جەنگێکی تری ناوچەکەو جیهان کۆتایی پێ بێنێ، کەهەر ئەمەش لە بۆچوونی ئەودا ( واتە ترەمپ ) ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ بەدەست هێنانی (خەڵاتی جیهانی نۆبڵ بۆ ئاشتی)، لەڕاستیدا ئەم هەنگاوەش هەمان ئەو تەکتیکە بوو کە (پۆتن)ی سەرۆکی ڕوسیا لەگەڵیدا بەکاری هێنا لەدۆسیەی شەڕی ئۆکرانیا.

دووەم/ حەماس دەیەوێت بەنەرمی نواندن بەرانبەر پلانەکە خۆی لە ڕووبەڕوو بوونەوەو گورزی سەربازی تۆڵە سێنەری ئەمریکا بپارێزێت، بەتایبەت لە کاتێکدا کە هەریەک لە میسرو قەتەرو تورکیا پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو پلانە ڕاگەیاندووە.

سێهەم/ حەماس نایەوێت پشتیوانی وڵاتانی تورکیاو میسرو قەتەر لەدەست بدات چ وەک نێوەندگیری دانوستانەکان، چ وەک سێ پەناگەی گرنگ بۆ حەماس، هەرکات ئەو بزوۆتنەوەیە بیەوێت پاشەکشە بدات و بڕیاری سەرلەنوێ خۆڕێکخستنەوەو خۆئامادەکردن بدات بۆ گەڕێکی نوێی بەرەنگاربوونەوەو بەرگریی کردن لەداهاتوودا.

چوارەم / کاتێک دەسەڵات و لایەنی فەلەستینی هەموو ئەو پرۆژەو یارمەتیە داراییانە لە ئەستۆ دەگرێت کە بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە تەرخان دەکرێن — وەک لەوردەکاریی نەخشەکەی ترەمپدا هاتووە —، ئەوا ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی حەماس بتوانێت پارێزگاریی لەو بنکە جەماوەریی و پشتیوانییە میللی و مەعنەویە بکات کە لەنێو غەززەو ناوچەکانی تردا بەدەستی هێناوە، ئەو پشتیوانی و بنکە جەماوەریەی کە هیچ نەبێ لە داهاتوودا دەتوانێت گەڕانەوەی حەماس ئاسان و دەستەبەر بکات..

شارەزایانی سیاسی و ستراتیژیی بڕوایان وایە هەر بڕیارێک حەماس لە قوڵایی غەززەوە بیدات بەسەرکەوتن بۆ بزووتنەوەکە لە قەڵەم دەدرێ، ئەگەر بڕیاری بەرگریی و ڕووبەڕووبونەوە بێت، خۆ ئەگەر بڕیاری پاشەکشەو ئەنجامدانی گفتوگۆش بدات ئەوا هەر تەکتیکێک دەبێت کە حەماس زۆر زیرەکانە دەتوانێت بۆ خۆ ڕێکخستنەوەو خۆئامادەکردن بۆ گەڕێکی نوێی جەنگ و ئازادکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکان بیقۆزێتەوە.

مێژووی نوێ و سروشتی جەنگەکان لەڕابردووشدا ئەوەی سەلماندووە کە (ئارام گرتن و نەفەس درێژیی) هەمیشە یەکێک بووە لە خاڵە هەرە بەهێزەکانی بەرەی ئیسلامی چەکداریی لە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ دوژمنەکانیدا … سەرنج بدەن شاری کابولی پایتەختی ئەفغانستان کەوتە ژێر دەستی ئەمریکیەکان و چەکدارانی تاڵیبان دەرکران لە شارەکەدا ، بەڵام دوای بیست ساڵ خۆڕاگریی و ڕووبەڕووبوونەوە گەڕانەوە شارەکەو کۆنترۆڵیان کردەوە!

لە سوریا دانیشتوانی شاری غۆطەی ڕۆژهەڵات بە ئۆتۆمبێلی تایبەت گوازرانەوە بۆ باکوری وڵات ، بەڵام دواتر هەموو خەڵکی ئەو شارەو ناوچەکانی باکوور پێکەوە دوای نۆ ساڵ ڕژێمەکەیان ڕووخاند.

چەکدارە ئیسلامیەکان لە شارەکانی (کیدال) و (تۆمبۆکتۆ) لەلایەن سوپای فەرەنساوە دەرکران، بەڵام دوای تێپەربوونی سیانزە ساڵ جەنگ و بەرگریی شارەکانیان ئازادکردەوە..

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە