سەرۆکی پارتی سەرکەوتنی تورکی، کە بەرهەڵستکاری حکوومەتەکەی ئەردۆغانە، موسڵ و کەرکووک بە بەشێک لە پرسە نیشتمانییەکانی تورک وەسف دەکات و دەڵێت؛ لە پرسی غەززە و فەلەستین گرنگترن بۆیان.
ئۆمێت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی “سەرکەوتن”ی تورکی، لەلێدوانێکدا کە وتبووی پرسی فەلەستین پرسێکی نیشتمانی نییە بۆ تورکەکان، ئەم لیدوانەی بووە هۆی هەڵمەتێکی لەکەدارکردن دژی و تۆمەتی پشتگیریکردنی لە ئیسرائیلی درایە پاڵ.
پاش کاردانەوە لەسەر لێدوانەکەی، ئەو تورکە، ئاماژەی بەوەدا کە “ناوبانگم لەکەدار دەکرێت چونکە وتوومە پرسی فەلەستین پرسی نەتەوەیی نییە بۆ نەتەوەی تورک، فەلەستین تەنانەت پرسێکی هاوبەشیش نییە بۆ جیهانی عەرەبی، قودس بە شوێنە پیرۆزەکانییەوە جێگەیەکی تایبەتی هەیە لای تورکەکان، بەڵام پرسی سەرەکیی و نیشتمانیی ئێمە نییە.”
ئۆزداغ ڕەخنەی لە دووفاقیی هەڵوێستی حکوومەتی وڵاتەکەی گرت لەبارەی پرسی فەلەستین و ئاماژەی بە بەردەوامیی بازرگانیی تورکیا لەگەڵ ئیسرائیل کرد، سەرەڕای ڕەخنە توندەکانی پارتی داد و گەشەپێدان لەسەری.
وتی: “لە کاتێکدا گەلی فەلەستین لە غەززە تووشی کۆمەڵکوژی و ئاوارەبوون بووە، بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل بە هەموو هێزێکەوە بەردەوامە، ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە فەلەستین پرسی نەتەوەیی ئەوانە هیچ ناکەن جگە لە قسەکردن، لە کاتێکدا بازرگانیی خۆیان بەبێ وەستان بەردەوامە.”
ئۆزداغ دەڵێت؛ موسڵ و لانکەی تورکمانەکان” کەرکووک”، کە دوو شاری عێراقین و لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانیدا بوون، گرنگییەکی زۆرتریان هەیە وەک لە پرسی فەلەستین، بەپێی گوزارشتی خۆی.
ئۆزداغ ئەو پرسانەی دیاریکرد کە حزبەکەی پشتیوانی لێ دەکات و “سەرنج دەخەنە سەر بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی تورک”، کە بریتین لە: کەرکووک و مووسڵ، تورکستانی ڕۆژهەڵات( هەرێمی ئویگوری شینجیانگ لە چین) ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و سەربەخۆیی کۆماری تورکیای قوبرسی باکوور/تراکیای ڕۆژاوا (ناوچەیەکە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی یۆنان و هاوسنوورە لەگەڵ تورکیا)، دوورگە تورکییە داگیرکراوەکان لە لایەن یۆنانەوە لە دەریای ئیجە.
ئۆزداغ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕووبەڕووی ڕەخنەی بەشێک لە شوێنکەوتووانی بووەتەوە، کە تۆمەتباریانکرد بە گرنگینەدان بە ئاستی پێویست بە تورکە ئویغوورییەکان لە چین و وەک هاوئاوازی ئیسرائیل پێناسەی دەکەن.
