ڕۆژنامەیەکی ئێرانی پێیوایە کە ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل زۆر بەهێزە و هەوڵیش دەدات هەمان ئەزموونی سووریا لە کۆماری ئیسلامی دووبارە بکرێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، ڕۆژنامەی کەیهان کە حسێن شەریعەتمەداری، نوێنەری عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕسی ئیسلامی ئێران سەرپەرشتی دەکات، وتارێکی جەعفەر بەلوری بڵاوکردەوە کە تێیدا باس لە ئەگەری هەڵگیرسانەوەی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات و ڕایگەیاند، ئەگەرێکی زۆر بەهێزە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ئەو پشێوی و ناسەقانگیرییەی ئێستا لە ئابووری ئێراندا دروست بووە، دەکرێت وەک بەردەوامبوونی جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل لێکبدرێتەوە و دەشڵێت، ئەم دۆخە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە وا دەکەن ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی نوێ لەگەڵ “دوژمن” بە دوور نەزانرێت.
لە وتارەکەدا جەختکراوەتەوە لەوەی ئیسرائیل ناتوانێت بە تەنیا ڕووبەڕووی ئێران ببێتەوە، بۆیە لە کاتی جەنگەکەدا داوای هاوکاری لە ئەمریکا و ناتۆ کرد بۆ ئەوەی گوشاری زیاتر بخەنە سەر ئێران.
ڕاشیگەیاندووە کە قەوارەی زایۆنی دانی ناوە بەوەی قۆناغی کۆتایی پلانە دوژمنکارییەکەیان لە دژی ئێران لەڕێی قۆستنەوەی پشێوی جەماوەری و هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی وەک ئامڕازێک بۆ پەرتکردنی وڵاتەکەوە دەبێت.
نووسەری وتارەکەی ڕۆژنامەی کەیهان ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ئیسرائیل دەیەوێت هەمان ئەزموونی سووریا لە ناوخۆی ئێرانیش دووبارە بکاتەوە.
