وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، تا ئێستا هەرێمی کوردستان زیاتر لە ملیۆنێک بەرمیل نەوتی ڕادەستی بەغدا کردووە و یەکەم کەشتیش نەوتی هەرێم لە بەندەری جەیهانەوە دەگوازێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، دوای زیاتر لە دوو ساڵ نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێی بۆری عێراق-تورکیاوە گەیەندرایە بەندەری جەیهان و ئەمەش یەکەمجارە حکومەتی فیدراڵی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێم وەربگرێت و ئەرکی هەناردەکردنیشی لە ئەستۆ بگرێت.
ئەوەشی خستەڕوو کە تا ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان وەرگیراوە و یەکەم کەشتیش بۆ گواستنەوەی 650 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە بەندەری جەیهان لەنگەری گرتووە.
وەزیری نەوت ڕاشیگەیاند، دوای بارکردنی نەوتەکە، کەشتییەکە بەرەو ئەو شوێنە دەکەوێتە ڕی کە گرێبەستی لەگەڵ کراوە.
حەیان عەبدولغەنی ڕاشیگەیاند، ئەو ڕێککەوتنە بە دەستکەوتێکی گەورەی هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان دادەنرێت و پارەی پێویست بۆ بودجەی گشتی زیاد دەکات.
