ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، هەرێمی کوردستان پابەندە بە رێککەوتنەکانی بۆهەناردەکردنی نەوت و ناردنی داهاتی نانەوتی، بۆیە دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا مووچەی مانگی هەشت و مانگەکانی دیکەش خەرج بکرێت.
د.نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاندووە، ئێستا هەرێمی کوردستان پابەندە بە رێککەوتنەکانی بە هەناردەکردنی نەوت و ناردنی داهاتی نانەوتی، بۆیە دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا مووچەی مانگی هەشت و مانگەکانی دیکەش خەرج بکرێت.
وتیشی، “ئەگەر داهاتی نانەوتی کەمتر بێت لەو بڕەی داواکراوە، دەتوانرێت بەگوێرەی خاڵی یەکەم لە ماددەی 12ـی بودجەی فیدراڵی، رێگە بە هەرێمی کوردستان بدرێت بۆ پاکتاوکردنی دارایی، تاوەکو نەبێتە بەربەست لەبەردەم خەرجکردنی مووچەی مانگی هەشت”.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە پێشتر دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێ بوون بە میدیاکانی راگەیاندبوو، کە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاردراوە بەوەی کە مانگانە 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا بکرێت بۆ ئەوەی کێشەیەک بۆ مووچە لە داهاتوودا دروست نەبێت.
