سبەی چوار شەممە مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم، لە ڕێگەی هەژماری من-ەوە دابەش دەکرێت.
تیمی پرۆژەی هەژماری من بڵاویكردەوە: سبەی چوار شەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2025، مووچەی مانگی حەوت (تەممووز)ـی مووچەخۆرانی هەرێم، لە ڕێگەی پرۆژەی هەژماری منەوە دابەش دەکرێت و ڕۆژی 2 و 3ی مانگیش بەردەوام دەبێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، تا ئێستا زیاتر لە 900 هەزار مووچەخۆر لە هەرێمی کوردستان لە پرۆژەکەدا تۆمار کراون، بۆ ئەم مانگەش 501 هەزار و 500 کەسیان لە ڕێگەی هەژماری منەوە مووچەی مانگی حەوت وەردەگرن.
هەر بە پێی زانیارییەکانی تیمی پرۆژەی هەژماری من، تا ئێستا زیاتر لە 585 هەزار کارتی بانکی دابەش کراون، هەروەها زیاتر لە 580 ئامێری پارەڕاکێشان (ATM)، لە 200 شوێنی جیاواز لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دانراون.
ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ سێشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2025، 956 ملیار و 928 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی تەممووزی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق، بەڵام وەزارەتی دارایی خشتەی مووچەی تەواوی وەزارەتەكانی ڕانەگەیاندووە.

