وەزارەتی پەروەردەی عێراق بڕیاری زیادكردنی 150 هەزار دیناری بۆ سەر دەرماڵەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خستە بواری جێبەجێكردنەوە و وەزیری پەروەردەی هەرێمیش دەڵێت: چاوەڕێی عێراقین.
دوای پەسەند كردنی هەمواری یاسای وەزارەتی پەروەردەی عێراق لەلایەن پەرلەمانەوە و بڵاوبووونەوەی لە وەقائیع، ئەمڕۆ وەزارەتی پەروەردە یاساكەی خستە بواری جێبەجێ كردنەوە، كە چەند ئیمتیازێكی نوێی بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردە تێدایە.
بەپێی یاساكەی وەزارەتی پەروەردە، دەرماڵەی پیشەیی مامۆستایان لە 150 هەزار دینارەوە بۆ 300 هەزار دینار زیادكراوە.
لای خۆشیەوە، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە، داوایانكردووە ئەم زیادكردنە هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە و چاوەڕێی وەڵامی بەغداد دەكەن، چونكە ئەم دەرماڵەیە بە یاسا زیادكراوە.
