هەفتەی ڕابردوو حكومەتی هەرێم و عێراق لەسەر هەناردەی نەوت ڕێككەوتن و لە ڕۆژی شەممەوە 27ی ئەیلول نەوتی هەرێم لە ڕێگەی سۆمۆوە هەناردەی دەرەوە كرا، بەڵام ڕۆانە 50 هەزار بەرمیل نەوت دەدرێتەوە بە هەرێم تاكو بۆ بەرهەمی ناوخۆیی بەكاربهێنرێتەوە، پەرلەمانتارێكی خوولی پێشووی كوردستانیش دەپرسێت، كوا تاكو ئێستا یەک لیتر بەنزینی (450) دیناری و نەوتی هەرزانیان بۆ خەڵک دابین نەکردووە؟!
عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی خوولی پێشوووی پەرلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بە بەغدایان وتووە ئەو (50 هەزار) بەرمیلەی پێمان دەدەن بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکاریدەهێنین، کەچی تا ئێستا یەک لیتر بەنزینی (450) دیناری و نەوتی هەرزانیان بۆ خەڵک دابین نەکردووە!
ڕاشیگەیاند، پێشتریش بە بەردەوامی نەوتیان پاڵاوتووە و بەنزین و گاز و نەوتی سپی ماڵانیان لێ بەرهەمهێناوە، بەڵام خەڵک بەنزین و نەوت و گازی هەر بە نرخی بازرگانی کڕیوە!
جەختیشی كردەوە، خەڵک مافی خۆیەتی سوودمەند بێت لە نەوتەکەی لە ڕێگەی بەنزین لیترێک بە (450 دینار) و نەوت بەرمیلێک بە (30 تا 50 هەزار) دینار و گاز بە (400) دینار.
ئەمەش لەكاتێكدایە، كە دوێنێ، د. عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، عێراق بە هەرێمی ڕاگەیاندووە ئەگەر ئەو 50 هەزار بەرمیلەی بۆ ناوخۆ بەکاری دەهێنیت بەشی نەکردی بڕی زیاتری بۆ دەنێرێت.
وتیشی، مافی خەڵکی هەرێمی کوردستانە کە نرخی بەنزین هاوشێوەی شارەکانی عێراق بێت و ئەرکی حکومەتی هەرێمە نرخی سووتەمەنی بۆ هاووڵاتییان دابەزێنێت و وەک عێراق بە 450 دینار بەنزینی نۆرماڵ دابین بکات.
دوای 10 ساڵ لە بڕیاری سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە و هاوكات ددوای دوو ساڵ و نیو لە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بە بۆری بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس لەسەر سكاڵای حكومەتی عێراق، ڕۆژی شەممەی ئەم هەفتەیە 27ی ئەیلول هەناردەكردنەوەی ننەوتی هەرێم لەڕێگگەی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقییەوە دەستی پێكردەوە، بەڵام ڕۆژانە بڕی 50 هەزار بەرمیل نەوت دەدرێتەوە بە حكومەتی هەرێم بۆ پاڵاوتنی ناوخۆیی بۆ بەنزین و نەوتی سپی و گازوایل.
