وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ناوی فڕِۆکەخانەی سلێمانی دەگۆڕێت بۆ فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانی نێودەوڵەتی.
بەپێی نووسراوێک، کە بەرواری ٧ی ئەم مانگەی لەسەرەو و د. حسێن عەلی حسێن، بەڕێوەبەری بازنەی بەڕێوبەرایەتی فڕۆکەخانەکەی عێراق واژۆی لەسەر کردوە، باسی گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کراوە و ئاراستەی سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق کراوە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، گۆڕانکاریەکە لەسەر داوای دامەزراوەی جەلال تاڵەبانی ئەنجامدراوە و داواکراوە ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بگۆڕدرێت بۆ فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانی نێودەوڵەتی.
لای خۆیەوە باڵوێز محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی جەلال تاڵەبانی بە (کەی ئێن ئێن)ی ڕاگەیاند: ماوەی چەند ساڵێکە سەر قاڵی بیرۆکەی گۆڕینی ناوی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیین بۆ فرۆکەخانەی جەلال تاڵەبانی نێودەوڵەتی و هەموو رێکارە ناوخۆیەکانیمان لە عێراق تەواو کردوە و بڕیاری سەرۆک وەزیرانی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکانمان بۆی وەرگرتووە.
و تیشی: لە نزیکترین کاتدا لە مەراسیمێکدا تابلۆی فرۆکەخانەی سلێمانی لێدەکرێتەوە و ناوە نوێیەکەی لێ دەدەرێت، کە بە ناوی فرۆکە خانەی جەلال تاڵەبانی نێودەوڵەتی سلێمانی.
