spot_imgspot_img

مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بە لێبڕینەوە دابەش دەكرێت

بڕِیارە لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگی حەوتەوە، 3% لە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان لە هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت، کە پەیوەستە بە مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەر لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو، بەوەش بڕێكی زۆر لە مووچەی فەرمانبەران تاكو 3 ساڵ و خانەنشینان تاكو 5 ساڵ دەبڕدرێت.

بڕیارەکە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەرچووە بەهۆی هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینان و جێبەجێ‌ كردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراقەوە، مووچەی بنەڕەتی هەر 10 ساڵەکە کۆدەکرێتەوە، پاشان لە 3% لە سەرجەمی بنەڕەتی دەردەکرێت و فەرمانبەران بە 36 مانگ و خانەنشینان بە 60 مانگ لێیان وەردەگیرێتەوە.

هاوکات لەگەڵ چاوەڕوانی بۆ گەیشتنی پارەی مووچەی مانگی تەمموز، بڕیاری لێبڕینی 3%ی بەشداریی خانەنشینی لە فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

یادگار جەبار، سەرپەرشتیاری بایۆمەتریی سلێمانی، رایگەیاند: “لێبڕینی 3%ی مووچەی فەرمانبەران لە مانگی تەمموزەوە جێبەجێ دەکرێت، بەشێک لە فەرمانگەکانیش لێبڕینەکەیان دەکەوێتە مانگی ئاب”.

باسی لەوەشکرد، کە لێبڕینەکە لە خانەنشینان راستەوخۆ لەکاتی وەرگرتنی مووچەی مانگی تەمموزدا دەبڕدرێت.

ئەم لێبڕینە بۆ گێڕانەوەی جیاوازیی بەشداریی خانەنشینییە بۆ ماوەی 10 ساڵی رابردوو (لەسەرەتای 2014 تاوەکو ناوەڕاستی 2024) تەنانەت لەو مووچانەش، كە پاشەكەوت و لێبڕینیان لێ‌ كراوە و ئەو مووچانەش كە هەر نەدراون.

ماوەی گێڕانەوەکەی بەم شێوەیە دەبێت:
فەرمانبەران: کۆی قەرزەکە لەسەر مووچەی بنەڕەتییان لە ماوەی 36 مانگ (3 ساڵ) لێ وەردەگیرێتەوە.
خانەنشینان: کۆی قەرزەکە لە ماوەی 60 مانگ (5 ساڵ) لێ وەردەگیرێتەوە.

لێبڕینی خانەنشینی بەمشێوەیە دەبێت:
یەکەم/ لێبڕینی رێژەی 3% لە مووچەی فەرمانبەران لە 01-01-2014 تاوەکو 30-06-2024.

دووەم/ لێبرێنی رێژەی 3% لە مووچەی فەرمانبەرێتی خانەنشینان؛ ئەوانەی ئێستا خانەنشینن و یاسای خانەنشینی یەکگرتوو دەیانگرێتەوە لە رێکەوتی 01-01-2014 تاوەکو رێکەوتی دەست لەکار هەڵگرتن و هەواڵکردنیان بۆ خانەنشینی.

سێیەم/ بڕی پارەی کەڵەکەبوی سەر فەرمانبەران و خانەنشینان وەکو قەرز تۆمار دەکرێت لە ئەستۆی فەرمانبەران و خانەنشینان.

چوارەم/ قەرزی ئاماژەپێکراو لە خاڵی سێیەم، لە ماوەی سێ ساڵ بۆ فەرمانبەر و ماوەی 5 ساڵ بۆ خانەنشینان پاکتاو بکرێت.

پێنجەم/ ئەم لێبڕینە لە 01-06-2025 دەستپێدەکات تاوەکو قەرزەکە پاکتاو دەکرێت.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە