ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و هەرێمی کوردستانیش چاوەڕوان دەکات بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی مانگی هەشتی تێدا بدرێت.
بڕیارە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سوودانی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە بەغدا ئەنجام بدات.
کۆبوونەوەکە دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک دێت بەسەر جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە سێقۆڵییەی کە لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا بیانییەکان واژۆ کرا و بەهۆیەوە دەست کرا بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێی کۆمپانیای سۆمۆوە.
ئێستا هەرێمی کوردستان چاوەڕێی بەغدایە بۆ ئەوەی مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی بۆ ڕەوانە بکات، بە تایبەتیش دوای ئەوەی بە ڕادەستکردنی نەوت و ناردنی 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆوە پابەند بوو.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە 9ی ئەیلوولەوە لیستی مووچەی مانگی هەشتی ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە و چاوەڕوانیش دەکرێت لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی حکومەتی عێراقدا پرسی مووچەی ئەو مانگەش تاوتوێ بکرێت.
