كۆمپانیای گشتی بازرگانی ئۆتۆمبێلی سەر بە وەزارەتی بازرگانی عێراق بڵاویكردەوە، كۆمپانیاكەیان گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیا گەورەكانی بەرهەمهێنی ئۆتۆمبێل واژۆ كردووە، بۆ هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل لە ژاپۆنەوە بە تایبەتمەندیی دیاریكراو بۆ ئەو كەسانەی خاوەن پێداویستیی تایبەتن.
كۆمپانیای گشتی بازرگانی ئۆتۆمبێل لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، كۆمپانیاكەیان گرێبەستی راستەوخۆی لەگەڵ فرۆشیارانی رەسەنی ئۆتۆمبێلی ژاپۆنی كردووە و ئۆتۆمبێلەكان بەگوێرەی یاسا و رێنماییەكانی گومرگی عێراق و بە ستانداردی داواكراوی عێراقی دەهێنرێن و رەچاوی هەموو مەرجەكان كراوە.
ڕاشیگەیاندووە، سەرەتا دوو بۆ سێ هەزار ئۆتۆمبێل هاوردە دەكرێت، دواتر هەریەك لە وڵاتانی چین و ئەڵمانیا لە پلانی وەزارەتەكەیاندایە بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی كڕینی ئۆتۆمبێل لە قۆناغی داهاتووشدا.
دەشڵێت: فەرمانبەرانی حكومەت بەگشتی دەتوانن سوودمەندبن لە كڕینی ئۆتۆمبێلی هاوردەكراوی وەزارەتی بازرگانی عێراق.
