سەرکۆ یونس
ئابووریی بازاڕی ئازاد، وه‌ك دواقۆناغی جیهانگیری، لە رێگەی کۆمەڵێک ده‌سته‌واژه و پرۆپاگه‌نده‌ی وڵاتانی سه‌رمایه‌داری خۆرئاوا‌وە، له بابەتی بانگه‌شه‌ی مافی مرۆڤ و دیموكراسی، ده‌ستی خستووه‌ته قورقوراگه‌ی زۆرێك له وڵاتانی دواكه‌وتوو و ته‌نانه‌ت تازه‌پێگه‌یشتووش.
ئامانجی سه‌ره‌كی سیستمی سه‌رمایه‌داری، هه‌میشه قازانجی تاكه‌كه‌س و كۆمپانیاكانه، هه‌رگیز بیر له مافی مرۆڤ و دادپه‌روه‌ری و مافی خانه‌خوێ ناكه‌نه‌وه، له‌وانه‌یه له روواڵه‌تدا هه‌ندێک دروشمی لاوه‌كی وه‌ك مافی مرۆڤ و دادپه‌روه‌ری رابگه‌یه‌نن، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه ته‌نها رووكار و بانگه‌شه‌یه.
ئامانجی سه‌ره‌كی له سیستمی ئابووریی ئازاد‌دا قازانجه، سیاسه‌تی به‌تایبه‌تیكردنی كه‌رته گشتییه‌كان، كه ئه‌م سیستمه بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات، ئامڕازێكی كاریگه‌ره بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی رۆڵی حكومه‌ت له دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا، وه‌ك: ئاو، كاره‌با، ته‌ندروستی، په‌روه‌رده و فێركردن، زانكۆكان و ته‌نانه‌ت خزمه‌تگوزارییه‌كانی شاره‌وانی وه‌ك کۆکردنەوە و فڕێدانی خۆڵ و خاشاك.
دەبێ حکومەت لە ئەستۆی بگرێت
تا قه‌یرانە داراییەکەی 2008 زۆربه‌ی ئابووریناسه‌كانی خۆرئاوا، هه‌موو هه‌وڵیكیان بۆ ئه‌وه بوو كه ده‌بێت ژیان و گوزه‌رانی تاك و خێزانه‌كان و كومه‌ڵگه له ده‌ستی كه‌رتی تایبه‌ت و كۆمپانیاكاندا بێت، به‌ڵام قه‌یرانی دارایی 2008 ئه‌و راستییه‌ی ئاشكراكرد، كه نابێت حكومه‌ت و كه‌رتی گشتی له دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌دوور بن، به‌ڵكو پێویسته سه‌رجه‌م خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه دابین بكرێن و گره‌نتی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان له ئه‌ستۆی حكومه‌تدا بێت به یاسا.
هه‌رێمی كوردستان، سه‌ره‌ڕای زۆریی سه‌رچاوه‌كانی ئابووری و مرۆیی و سروشتی، به‌ڵام به‌هۆی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی سیاسییه‌كانه‌وه، تووشی گه‌وره‌ترین ئاسته‌نگ و به‌ربه‌رست بووه‌ته‌وه، له دوای ساڵی 2003 و پرۆسه‌ی ئازادیی عیراقه‌وه، ئابووریی هه‌رێم به‌ره‌و رووی جیهانی ده‌ره‌وه كرایه‌وه و بازاڕه‌كان خرانه‌سه‌ر پشت بە رووی كاڵای بیانی‌دا، بێگومان له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ڵات و ویستی هاونیشتمانیان، هه‌ر‌چه‌نده به‌هۆی هه‌ڵه تێگه‌یشتنەوە، به‌شێكی زۆری هاونیشتمانیان گه‌شبین بوون به بارودۆخه‌كه و بازاڕی ئازادییان وه‌ك فریادڕه‌سێكی گرنگ سه‌یر ده‌كرد.
ئابوورییەکی بەرخۆر
ئه‌م كرانه‌وه‌یه گه‌وره‌ترین زیانی به ئابووریی هه‌رێمی كوردستان گه‌یاند، ئابووریی هه‌رێمی كوردستانی گۆڕی بۆ ئابوورییەکی بێبه‌هه‌رهەمی به‌كاربه‌ر و به‌خۆر، كه بۆ بچووكترین پێداویستی په‌نا ده‌برێته به‌ر هاورده‌كردن، ساڵانه قه‌باره‌ی هاورده‌كراوه‌كانی هه‌رێم به چه‌ندین ملیار دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت و رێژه‌ی 90%ی پێداویستییه‌كانی لە دەرەوە هاورده دەکرێت.
له‌لایه‌كی تره‌وه، شوێنكه‌وتنی كوێرانه‌ی ئابووریی ئازاد له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه و به‌تایبه‌تیكردنی كه‌رته گشتییه‌كان، رۆڵی حكومه‌تی كه‌مكرده‌وه له ئاسایش و سه‌قامگیریی بازاڕ و ته‌نانه‌ت له پێشكه‌شكردنی به‌شێكی زۆری خزمه‌تگوزارییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشدا، هه‌ندێک جار لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌ت هیچ ده‌سته‌ڵاتێكیان نه‌ماوه.
بۆ کەمینەیەک دەستکەوت بوو
هاوکات به‌شێك له سیاسییه بازرگانه ده‌ستڕۆشتووه‌كانی ناو ده‌سه‌ڵات، یان نزیك له ده‌سه‌ڵات به‌هۆی گه‌نده‌ڵی زۆر و به‌ر‌بڵاوه‌وه، ده‌سته‌كه‌وتی گه‌وره و قه‌به‌یان وه‌چنگ كه‌وت و بوونه ملیۆنێر و ملیاردێر، ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌تر دروست ده‌كات، كه نه‌مانی ئینتیمایه بۆ حكومه‌ت و ته‌نانه‌ت خاك و نیشتمانیش، ئه‌م مه‌ترسییه له ئێستای كوردستاندا به‌رجه‌سته‌یه و واقیعه.
ده‌توانین بڵێین، ئابووریی ئازاد بۆ زۆربه‌ی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان، بوو به كاره‌سات و بۆ رێژه‌یه‌كیش كه كه‌مینه‌ن، بوو به ده‌ستكه‌وت و خێر، به شێوه‌یه‌ك جیاوازی نێوان ئه‌م دوو چیینه زۆر دوورن له‌یه‌كه‌وه، چینێك كه به زه‌حمه‌ت و سكهه‌ڵگوشینه‌وه ده‌توانن پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كانی خۆیان و منداڵه‌كانیان دابین بكه‌ن، چینێكی دی كه سه‌رجه‌م هۆكاره‌كانی ژیان و خۆشگوزه‌رانییان به‌زیادیشه‌وه له‌به‌رده‌ستایه، دروستبوونی جیاوازیی چینا‌یه‌تی له‌هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا سه‌ر ده‌كێشێت بۆ قه‌یران و كێشه‌ی گه‌وره‌ی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی، رووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی نیپاڵ باشترین نموونه‌ی سه‌رده‌مه‌کەن.
