حکومەتی هەرێم لەسەر مووچە ڕوونکردنەوەیدا

وتەبێژی حکومەتی هەرێم چەند بەرچاو ڕونییەک لەبارەی پرسی نەوت و مووچە بڵاوکردەوە و دەڵێت”هیچ هۆکارێک نییە بۆ نەناردنی موچەی هەرێمی کوردستان”.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لەکۆبونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ٤۸ کاتژمێر دراوەتە وەزیری نەوتی عێراق بۆ ئەوەی بابەتی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، کۆمپانیاکانی بواری بەرهەمهێنانی نەوت ڕازیبوون بەوەی بەپێی یاساکانی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و دەستبەرداری ئەو بابەتە بوون کە بە یاسا بیانییەکان مافی ئەوان پارێزراو بێت.
جەختیشیکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان نوسراوی فەرمیکردووە کە بەشە نەوتی خۆی ڕادەستی سۆمۆ بکات، و پێویستە لەگەڵ ڕادەستکردنی نەوت موچەی مانگی ۷ و مانگەکانی دواتری موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
وتەبێژی حکومەتی هەرێم، لەبارەی ئەو ڕێوشوێنانەی بەغدا لەبەرامبەر هەرێم دەیگرێتەبەر دەڵێت”لە ئەسڵی بابەت،هیچ کام لەم ڕێوشوێنانە پێویست نەبوون، هیچ هۆکارێک نییە بۆ نەناردنی موچەی هەرێمی کوردستان و تەنها یاساکانی بودجەو یاسای کارگێڕی دارایی ودەستور ببنە ناوبژیوان ئەوا یەک هۆکاریش نامێنێت بۆ خەرجکردنی موچە لەپاڵ بڕیاری دادگای فیدراڵی،حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم داواکارییەکان و ئەرکەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێکردون و نەناردنی موچە بێ موبەریرە!
لەبارەی توانای بەرهەمهێنانی نەوت لە ئێستادا، پێشەوا هەورامانی ڕایگەیاندووە، ئێستا توانای بەرهەمهێنانی نەوت بەرەو ئاسایبوونەوە چووەو ڕۆژانە بڕی ۲۳۳ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدێت، دەستپێکردنی ناردنە دەرەوەی نەوت لە خزمەت دۆخی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو، هەموو هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی حکومەتی فیدراڵ لەو پێناوەیە کە هیچ موچەیەکی موچەخۆرانی هەرێم نەفەوتێت، و لەبابەتی داهاتی ناوخۆش یاسا چی بۆ ئێمە دیاریکردووە پێوەی پابەندین بێ زیاد و کەم.
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە