spot_imgspot_img

ئەمریکا هاوکارییەکانی بۆ پێشمەرگە زیاد دەکات و بۆ هێزە عێراقییەکان کەمیدەکاتەوە

 

لە ئاماژەیەکدا بۆ گۆڕینی ئاراستەی بایەخدانی بەرەو هەرێمی کوردستان
ئەمریکا هاوکارییەکانی بۆ پێشمەرگە دوو هێندە زیاد دەکات و بۆ هێزە عێراقییەکان کەمی دەکاتەوە.

بودجەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بۆ ساڵی 2026 پێشکەوتنێکی بەرچاوی لە هاوکارییە داراییەکان بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، نیشانداوە، لە بەرامبەردا ئەو هاوکارییانە بۆ هێزە فیدراڵییەکانی عێراق کەم بووەتەوە.

چاودێران پێیان وایە ئەمە ئاماژەیەکە بۆ ئەگەری گۆڕانی ئاراستەی بایەخدان و هەژمارە سەربازییەکانی واشنتۆن بە قازانجی هەرێم و لەسەر حیسابی حکومەتی بەغدا.

لە درێژەی ئەم گۆڕانکارییانەدا، واشنتۆن لە ماوەی ڕابردوودا بەشێک لە هێزەکانی خۆی لە بنکە سەربازییەکانی “عەین ئەسەد” و “ڤیکتۆریا” لە بەغدا و پارێزگای ئەنبار لە ڕۆژئاوای عێراق، بەرەو بنکەی “هەریر” لە سنووری پارێزگای هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان گواستووەتەوە، هەروەها دروستکردنی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمریکا لە جیهاندا لە هەولێر، هەنگاوێکی دیکەی گرنگە.

بەپێی بودجەی نوێی ئەمریکا، بڕی 61.014 ملیۆن دۆلار بۆ پشتیوانیکردن و پڕچەککردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە ساڵی 2026 تەرخانکراوە، کە بڕی 4.7 ملیۆن دۆلار زیاترە لە بودجەی ساڵی 2025.

سەرچاوە کوردییە متمانەپێکراوەکان باس لەوە دەکەن، ئەو پارەیە دابەش دەبێت بەسەر 11.8 ملیۆن دۆلار بۆ چەک، 5.3 ملیۆن بۆ تەقەمەنی، 27.5 ملیۆن بۆ ئۆتۆمبێلی سەربازی، و 17 ملیۆنیش بۆ جلوبەرگ و کەرەستەی دیکە.

لە کاتێکدا، سەرچاوە ئەمریکییەکان باس لەوە دەکەن؛ پشتیوانی دارایی بۆ وەزارەتی بەرگری عێراق لە 189.1 ملیۆن دۆلار لە بودجەی ساڵی 2025، بۆ تەنها 48.2 ملیۆن دۆلار لە بودجەی ساڵی 2026 کەمدەکرێتەوە.

وەزارەتی بەرگری و جەنگی ئێستای ئەمریکا لە سەرەتای مانگی ئابی 2024، 24 تۆپی قورسی بە ڕەزامەندی حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا، دابین کرد بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵام هێزە سیاسییە عەرەبییەکان لەو کاتەدا ناڕەزایەتییەکی توندیان دەربڕی سەبارەت بە دابینکردنی تۆپی قورس کە مەودایان دەگاتە 45 کیلۆمەتر بۆ پێشمەرگە، بە بیانووی ئەوەی لەوانەیە لە ململانێ ناوخۆییەکاندا بەکاربهێنرێن.

بەپێی چاودێران، زیادکردنی هاوکارییەکان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، “متمانەی واشنتۆن و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە هەرێمی کوردستان و توانای هێزە ئەمنییەکانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددیاتە ئەمنییەکان” ڕەنگدەداتەوە.

هەندێک سەرچاوە باس لە “خواستێکی ئەمریکی دەکەن بۆ گۆڕینی هەرێم بە ناوەندێکی سەرەکیی شەڕی دژ بە تیرۆر لە ناوچەکەدا”.

ترس لە بەغدا
کیفاح مەحمود، توێژەر و ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێی وایە کە سەرنجی ئەمریکا لەسەر پەرەپێدان و هاوکاریکردنی هێزە کوردییەکان ڕەنگە بەشێکی بگەڕێتەوە بۆ “نەمانی متمانەی واشنتۆن و ترسەکانی لە بەغدا بەهۆی پەرتبوونی ئەمنی، فرەیی ناوەندەکانی بڕیار لە ناو هێزە ئەمنییەکاندا، و زاڵبوونی گرووپە چەکدارەکان”.

کیفاح مەحمود بە ڕۆژنامەی “شەرقول ئەوسەت”ی ڕاگەیاندووە؛ ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، چەندین ساڵە بە هاوکاری لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، کار لەسەر “یەکخستنی هێزی 80ی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان و هێزی 70ی سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان” دەکەن.

ئاماژەی بەوەشداوە لە “سەرەتای کاری چاکسازی لەناو دەزگا ئەمنییەکانی کوردستانیشدا، ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی یارمەتییان داون بۆ یەکخستنی ئەو دوو هێزە، و لەسەر ئەو بنەمایەش زیاتر لە سێ لیوایان لەو دوو هێزە پێکهێناوە، هەموو کارە لۆجستییەکان و پەیوەندیدار بە چەک و ڕاهێنانەوەیان گرتووەتە ئەستۆ، هەروەها بەشدارییەکی زۆریان لە پێدانی مووچەدا کردووە”.

مەحمود پێی وایە “پێشکەوتنێکی بەرچاو لە پرۆسەی پشتیوانیکردنی هێزەکانی پێشمەرگەدا هەیە، و ئەمەش بە واتای متمانەی واشنتۆن بەوان و بە کاراییەکانیان دێت، لە بەرامبەر ترسی لە بەغدا بەهۆی پەرتبوون و فرەیی لە هێزە چەکدارەکاندا، لەکاتێکدا گروپە چەکدارەکان و حەشدی شەعبی لە پاڵ هێزە ئەمنییەکاندا هەن، و هەمووان دەزانن کە واشنتۆن پشتیوانی لەم پەرتبوونە ناکات، و هێزێکی چەکداری نیشتمانی یەکگرتووی دەوێت”.

وتیشی: “بوونی گروپە چەکدارە بەهێزەکان لەناو حەشدی شەعبی و دەرەوەی، ئەوە بوو کە واشنتۆنی ناچار کرد هاوکارییەکانی بۆ وەزارەتی بەرگری عێراق و دەزگا ئەمنییەکانی دیکە کەم بکاتەوە”.

ڕاوێژکارە میدیاییەکەی سەرۆکی پارتی، پێی وایە کە گۆڕانکارییە ناوچەییەکانی دوایی، و هێرشی سەربازی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران، لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی دۆخی سووریا، هەموو ئەمانە فاکتەر بوون کە “بڕیاردەری ئەمریکییان هانداوە بایەخ بە دۆخی هێزەکانی لە عێراق و دۆخی ئەمنی لەو وڵاتە، و هەروەها بایەخ بە دۆخی هاوپەیمانە متمانەپێکراوەکانی بدات”.

ئاماژەی بەوەشدا کە “واشنتۆن وادەردەکەوێت دڵنیا نییە لە هاوبەشی سەربازیی خۆی لەگەڵ بەغدا لە سایەی بوونی تەحەددیاتی گرووپە چەکدارەکان کە دوژمنانی ئەون، و بینیمان چۆن بە توندی دژایەتی پەسەندکردنی یاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی فیدراڵیدا کرد”.

لەو سۆنگەیەوە، و بە وتەی ڕاوێژکار کیفاح مەحمود، “وادەردەکەوێت واشنتۆن نایەوێت لە ناوچەیەکی پڕ مەترسیدا بێت، کە دووفاقییەکی زۆری تێدایە لە دروستکردنی بڕیاری سەربازیدا، بەتایبەتی لەگەڵ بوونی ئەو هێزانەی کە چەندین ساڵە داوای کشانەوەی واشنتۆن لە عێراق دەکەن”.

سەرەڕای ئەوەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان زۆربەی هێزەکانی بۆ هەرێمی کوردستان نەکێشاوەتەوە، بەڵام ئەوەی ڕوویدا “ئاماژەیەکە بۆ دۆخی نەمانی متمانەی باو لەگەڵ بەغدا، و پێویستە قسەکانمان لەسەر خشتەی کشانەوەی گشتیش لەبیر نەکەین، بەجۆرێک کە ڕەنگە کاری ئەو هێزانە دواتر تەنها لەسەر کاری ڕاوێژکاری سنووردار بکرێتەوە”.

مەحمود پێی وایە کە کشانەوەی هەندێک لە هێزەکانی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان ڕەنگە “پەیامێکی زۆر ڕوونیش بێت لە ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بۆ حکومەتی فیدراڵی عێراق و ئێرانییەکان، بەو واتایەی کە کشانەوە لە بەغدا ئاسایی نییە، بەڵکو نەخشەبۆداڕێژراوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ ڕوودانی پێکدادانێکی سەربازیی نوێ لەگەڵ تاران”.

لە بەرامبەر پێداگری لایەنە فەرمییەکان و گرووپە چەکدارەکان لەسەر کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق، سەرکردە و بەرپرسە کوردەکان بەردەوام ڕایدەگەیەنن “پێویستی عێراق و هەرێمی کوردستان بە مانەوەی ئەو هێزانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەددیاتانەی کە هێشتا ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دروستیان دەکەن، گرنگە”.

پێشبینی دەکرێت هێزەکانی هاوپەیمانان تا کۆتایی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ لە عێراق بکشێنەوە، واشنتۆن پێشتر خێراکردنی پرۆسەکەی ڕاگەیاندبوو، بەڵام دواتر هەڵوەستەی کرد لەسەر ئەوەی  “هەڕەشە ئەمنییەکانی کە هێشتا ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش دروستیان دەکات”، ماون، ئەمەش وادەکات کشانەوەی ئەمریکا جێگەی گومان بێت بۆ چاودێران و ئەوانەی بایەخ بە دۆخی ئەمنی دەدەن.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە