محەمەد ڕەمز سوڵتان، یاریزانی هیلالی فەلەستینی و 14 ئەندامی خێزانەکەی لە غەززە بە بۆردومانی ئیسڕائیل كوژران.
یەکێتی تۆپی پێی فەلەستین ئەمڕۆ دوو شەممە 14ی ئەیلولی 2025 بڵاویكردەوە، “محەمەد ڕەمز سوڵتان، یاریزانی لاوی یانەی وەرزشی هیلال، لەگەڵ 14 ئەندامی دیکەی خێزانەکەی، بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلی داگــیـركەرەوە بۆ سەر کەرتی غەززە، شەهید بوون”.
بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمی، کە لە لاپەڕەی یەکێتییەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکراوەتەوە، “ماڵی ئەو وەرزشوانە لە کەرتی غەززە کراوەتە ئامانج، کە بەداخەوە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ئەو و ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی خێزانەکەی”.
ئەم ڕووداوە کاردانەوەیەکی بەرفراوانی لە جیهانی وەرزش و کۆمەڵگەی فەلەستینیدا بەدوای خۆیدا هێناوە و خەم و پەژارەیەکی قووڵی لێکەوتووەتەوە، خەڵکی فەلەستین و جیهانی وەرزش پرسە و سەرەخۆشی خۆیان ئاراستەی بنەماڵەی محەمەد ڕەمز سوڵتان و قوربانیانی دیکە دەکەن.
