محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٤/٩/٢٠٢٥، داوای دامەزراندنی “هاوپەیمانییەکی سەربازی ئیسلامی” کرد، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ پێشبینییەکان بۆ ڕاگەیاندنی چالاککردنی “ناتۆی عەرەبی” کە میسر نزیکەی ١٠ ساڵ لەمەوبەر پێشنیاری کردبوو و چاوەڕوان دەکرێت لە لووتکەی نائاسایی عەرەبی ئیسلامی لە دەوحە ئەمڕۆ یەکشەممە و سبەی دووشەممە، چالاککردنی ڕابگەیەنرێت.
سوودانی لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی جەزیرەی قەتەری ڕایگەیاند، “دەستدرێژیی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر ڕووداوێکی شۆکهێنەر بوو و پێشێلکردنی هەموو یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکان بوو”، بەو پێیەی “دەستدرێژیی ئیسرائیل سنووربەزاندن بوو بۆ سەر وڵاتێکی دەستەخوشکمان و هەڕەشەیەک بوو بۆ سەر ئاسایشی هەموو وڵاتانی ناوچەکە، کە جەخت لەسەر ڕێبازی دەستدرێژیکارانەی حکومەتی تاوانکاری ئیسرائیل دەکاتەوە”.
سوودانی، داوای “ڕاگەیاندنی هاوپەیمانییەکی سیاسی و ئەمنی و ئابووری بۆ وڵاتانی ئیسلامی” کرد، ئاماژەی بەوەدا، “هیچ شتێک نییە ڕێگری لەوە بکات کە وڵاتانی ئیسلامی هاوپەیمانییەک لە شێوەی هێزێکی ئەمنی هاوبەشیان بۆ بەرگری هەبێت”.
وتیشی؛ “وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی چەندین کارتیان هەیە کە دەتوانن وەبەرهێنانیان تێدا بکەن بۆ وەستان دژی دەستدرێژیی ئیسرائیل کە لە قەتەر ناوەستێت و ئامانجی تری هەیە”.
پێشی وابوو؛ “حکومەتی ئیسرائیل هەموو شتێکی بە کەم زانیوە، و ئەوەی لە غەززە ڕوودەدات بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ لەناوبردنێکی سیستەماتیکە”.
چاوەڕوان دەکرێت سوودانی لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا بگاتە قەتەر بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی نائاسایی دەوحە کە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی تێیدا ئامادە دەبن بۆ هەماهەنگیکردنی “وەڵامێکی هاوبەش” بەرامبەر بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر و هەروەها فراوانبوونی ئۆپەراسیۆنەکانی لە سووریا و لوبنان و غەززە و هەوڵەکانی بۆ لکاندنی کەرتی ڕۆژاوا و داگیرکردنی غەززە و ئۆپەراسیۆنەکانی تر کە ڕەنگە عێراقیش بخاتە مەترسییەوە.
