spot_imgspot_img

ڕاهێنەری جانتا

 پ. د. سەعید عەلی محەمەد

لە سەردەمێکدا کە گۆڕانکاریەکان خێرا تێپەڕ دەبن و مەعریفە ڕۆژانە جارێکی تر پێناسەی بۆ دەکرێتەوە ، دیمەنێکی نامۆ لە مەیدانی ڕاهێناندا سەریهەڵداوە کە بریتیە لە : دیاردەی ( ڕاهێنەری جانتا) ، کەئەمەش تەنها لادانێکی تاکە کەسیی نیەو بەس، بەڵکو بۆتە قەیرانێکی پیشەیی و هەڕەشەیە بۆسەر ناوەڕۆک و ماناو ئامانجەکانی ڕاهێنانیش …

( ڕاهێنەری جانتا) بەو کەسە دەوترێت کە بۆچوونی وایە  خولێکی کورت بۆ (  ئامادەکردنی ڕاهێنەران ) بەسە بۆ هەڵگرتنی نازناوی ( شارەزاو پسپۆڕ) ، دەبینی خێرا کارتی چالاکیەکان چاپ دەکات و ، پێگەو سەکۆیەکی ئەلیکترۆنی دەکاتەوەو دەست دەکات بە کۆکردنەوەی وێنەکانی سایت و سەکۆکان و ،  دووبارە ڕێکخستنەوەی جارێکی تری ئەو زانیاریانەی وەریگرتوون لەملاو لەو لا ، وەک ئەوەی ڕاهێنان خواردن و شمەکێکی قوتوکراو بێت!! لەوە کارەساتتر ئەوەیە هەندێک لایەنی فەرمیش هەل و مۆڵەت بۆ ئەم جۆرە کەسانە دەڕەخسێنن و دەبەخشن وەک ئەوەی پیشە  مۆڵەتی لێخوڕین بێت و بکرێ بکڕدرێ ! بێ گومان ئەم ڕەفتارە بەس بەتەنها ناوبانگ و نرخ و سەنگی ڕاهێنان ناشیرین و کەم ناکاتەوە ، بەڵکو ڕێگە خۆشکەرە بۆ کەسانێک کە هیچ شوناس و زانیاریی وشارەزاییەکیان نیە بڕۆنە مەیدانێکەوە کە لەسەر بناغەی ( مەعریفەو پابەندیی و پەیامداریی) بنیاتنراوە ..  ئیتر بەم شێوە ڕاهێنان — لەهەندێک ژینگەدا — لە پەیامێکی بەرپرسیارانەوە دەگۆڕدرێ بۆ بازرگانیەکی هەرزانی بێ بەها ..

ئێستا هەموان دەبینین کەچۆن هەندێک لایەنی لێپرسراو لە ڕاهێنان مۆڵەت دەدەنە ئەوانەی کە تەنها لە سیڤیەکانیاندا بڕوانامەی ئامادەکردنی ڕاهێنەران ( TOT) یان هەیە ، وەک ئەوەی ئەم کاغەزەیە بەتەنها بەس بێت بۆ سەلماندنی شارەزایی و تواناو لێهاتوویی ! لەڕاستیدا ئەم هەڵەو گرفتە ئەم مەیدان و بوارەی بەچەندین ڕاهێنەر قەرەباڵغ کردووە کە هیچ مومارەسەیەکی کردەییان ئەنجام نەداوەو ڕۆژێک لەڕۆژانیش نەیانتوانیوەو ناشتوانن بابەت و ناوەڕۆکێک دابڕێژن ، لەکاتێکدا چەندین کەسی خاوەن بەهرەو تواناو شارەزایی ڕاستەقینە لەپشت بیرۆکراسیەتێکەوە ون بوون کە دان بەهیچ شتێکدا نانێت جگە لە کاغەز نەبێت .

سەرنج بدەن :  لە بریتانیا ڕاهێنەر هیچ جۆرە مۆڵەتێکی پیشەیی باوەڕ پێکراوی پێ نابەخشرێت تەنها دوای ئەوە نەبێت بتوانێت تواناو لێهاتوویی خۆی بسەلمێنێت لە داڕشتن و دیزاین کردنی چەندین بەرنامەو پرۆگرامی جیاوازدا ، هەروەها دوای ئەوەی بتوانێت چەندان کەرەستەو ئامرازی کاریگەریی هەڵسەنگاندن تاقی بکاتەوە ، بتوانێت بیسەلمێنێت خاوەن مومارەسەی پراکتیکیە لەچەندین بواری کاریگەری جیاوازدا .. هەروەها لە کەنەدا ڕاهێنەر بەچەندین قۆناغی سەختی هەڵسەنگاندنی ساڵانەدا تێپەڕ دەکات که شێوازی ڕاهێنانەکانی و کاریگەریان لەسەر بەشداربووان و ڕادەی تازەگەریی لە زانیاریەکانیدا لەخۆ دەگرێت ..

لەڕاستیدا ( ڕاهێنەری جانتا )  بەس بەتەنها زەرەر لەخۆی نادات ، بەڵکو  ناوبانگی پیشەی ڕاهێنانیش بەتەواوەتی لەکەدار دەکات ، چونکە دەبێتە هۆی شڵەژاندنی بەشداربوان و لەدەستدانی نرخ و سەنگی ڕاهێنان لەلایان ، ئەڵبەتە شوناسی ڕاهێنەریی جانتایەک نیە بکڕدرێت ، هەروەها بڕوانامەیەک نیە لەسەر دیوار هەڵبواسرێت ،  شوناسی  ڕاهێنەریی فەلسەفەیەکە ڕاهێنەر تەبەننای دەکات و بەرجەستەی دەکات ، هەروەها تێڕوانینێکە ڕاهێنەر لە ئەنجامی شارەزایی و سەلیقەو زانیاریەکانیدا دایدەڕێژێت ،  کاروانێکی دوورودرێژە لە فێربوونی بەردەوام ..

پێناسی ڕاستەقینەی ڕاهێنەریی ئەوەیە  :  ڕاهێنەر بزانێت لە کوێدا دەوەستێت ، قوتابیان و بەشداربوانی بەردەستی بەرەو چ ئاراستەیەک دەبات ، چۆن کاریگەری و ئاسەوار لەسەر هۆشیاری و زیهن و ڕەفتاریان دروست دەکات .. ( مەیدانی ڕاهێنان ) ئەمڕۆ  لەهەر ڕۆژێکی تر زیاتر پێویستی بە دەنگێکی بەرزی ڕەخنە هەیە کە هاوار بکات بەڕووی ئەم دیاردەیەدا و بڵێت :  ئیتر بەسە یاری کردن و گاڵتە کردن بەم پیشە گرنگ و پیرۆزە ! پێویستە دەزگاو دامەزراوە جیاوازەکانیش چەند خاڵ و  مەرج و پێوەرێکی شیاوو توند دیاری بکەن بۆ دەستنیشانکردنی ڕاهێنەران ، پێویستە لەسەر ئەوانەش کە دەچنە نێو خول و ڕاهێنانەکانەوە ئەو پرسیارە ئاراستەی خۆیان بکەن کە : ئایا ئەوان لەبەردەم کێدا وەستاون ؟ ئایا ئەو کەسە بەڕاستی ڕاهێنەرە ، هەڵگریی شوناس و تێڕوانینە ؟ یان نەخێڕ ..

تەنها (جانتا هەڵگر ) ێکەو ئێرەو ئەوێ دەکات بێ هیچ سوودو  بەرهەم و کاریگەریەک ؟ مەترسیدارترین شتێک ڕووبەڕووی ڕاهێنان بوەتەوە لەم ڕۆژەدا کەمی بەرنامەو پرۆگرامەکان نیە ، بەڵکو زۆرو بۆری ڕاهێنەرانی بێ شوناسە ، ڕاستە ئەوانە کورسیەکان پڕ دەکەوە ، بەڵام عەقڵەکان خاڵی دەکەنەوە ! ئێستا ئەو پرسیارەی کە بەکراوەیی دەمێنێتەوە ئەوەیە : ئایا ئێمە ڕازی دەبین ڕاهێنەرانێک سەرکردایەتی داهاتوومان بکەن کە وەهم لە جانتاکانیاندا دەفرۆشن ؟ یان داوای شوناسێکی ڕەسەنی ڕاستەقینە بکەین کە ( ڕاهێنان ) بکاتە پردێکی ڕاستەقینە بۆ پەڕینەوە بەرەو گۆڕانکاریی ؟

spot_img
spot_img
spot_img
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە