دوای پەنجا ڕۆژ زیندانی، ئەو گەنجانەی کە لە کاتی هەوڵدانیان بۆ کۆچکردن بەرەو ئەوروپا لە لیبیا دەستگیرکران، گەڕێندرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەو 25 گەنجە کوردەی لە لیبیا ئازادکران لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان.
سروە ڕەسول، بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەمەهانگی قەیرانەکان و سەلیم پاشا ڕاوێژکار لە فەرمانگەی پەیوەندییەکان و عەبدولخالق محەمەد بەڕێوەبەری پەیوەندی و ڕاگەیاندنی فەرمانگە پێشوازیان لە گەنجەکان کردو پزیشک و پێداویستی تەندروستییان بۆ دابین کردن.
بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەمەهانگی قەیرانەکان خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە ئەو گەنجانە بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان دوای ئەوەی زیاتر لە پەنجا ڕۆژ لە گرتووخانەکانی لیبیا دووچاری ئازار و مەینەتی زۆر ببوونەوە.
سروە ڕەسول، سوپاسی هەوڵەکانی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەو هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراقی لە لیبیا کرد کە توانیان ئەو گەنجانە بدۆزنەوە و ئازادیان بکەن و پاسپۆرتیان بۆ دابین بکەن.
هاوکات سوپاسی سەرۆک وەزیرانیشی کرد کە ئەرکی گەڕاندنەوەی ئەو گەنجانەی لە ئەستۆ گرت.
