بە گوژمەی 195 ملیۆن دۆلار بەشی یەکەمی پڕۆژەی دروستکردنی وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆی هەولێر واژۆ کرا و وەزیری شارەوانیش ڕایگەیاند، سەرۆکی حکومەت بڕیاری داوە حەوت بەشەکەی دیکەی پڕۆژەی چارەسەری ئاوەڕۆی هەولێر جێبەجێ بکرێت
ئەمڕۆ سێشەممە، گرێبەستی بەشی یەکەمی پرۆژەی وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆی هەولێر بە گوژمەی 195 ملیۆن دۆلار واژۆ کرا و ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی ئەم بەشەی پڕۆژەکەوە ڕایگەیاند: جێگەی خۆشحاڵیمانە کە ئەمڕۆ گرێبەستێکی گرنگی پڕۆژەی دروستکردنی بەشێک لە وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆی هەولێر واژۆ دەکەین کە بە پڕۆژەی قەرزی ژماره (IQ-P23)ی نێوان حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حکومەتی ژاپۆن ناسێنراوە و گوژمەی نزیکەی 230 ملیۆن دۆلارە و لە ڕێگە ئاژانسی جایکاوە جێبەجێ دەکرێت.
وتیشی: ئاوەڕۆی ڕژاوی ڕۆژانەی هەولێر، بریتییە لە نزیکەی 318 هەزار مەتر سێجا ئاوی قورس لە ڕۆژێکدا، دیزاینی ئامادەکراو بۆ وێستگەی چارەسەری ئەو قەبارە زۆرە لە ئاوەڕۆ ئامادەیە و بەسەر هەشت فەیسدا دابەش کراوە، هەر فەیسێکیش بەسەر دوو بەشدا دابەش کراون کە کۆی پڕۆژەکە لە 16 بەش پێک دێت و کە هەر بەشێک توانای چارەسەری 52 هەزار مەتر سێجا ئاوی قورسی لە ڕۆژێکدا هەیە.
سەبارەت بە واژۆکردنی گریبەستەکەی ئەمڕۆ، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وتی: ئەم پڕۆژەیەی ئەمڕۆ کە گرێبەستەکەی واژۆ دەکەین، بریتییە لە دروستکردنی یەک بەشی پڕۆژە گەورەکە لە 16 بەشەکەی وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆ بە گوژمەی نزیکەی 195 ملیۆن دۆلار لەگەڵ کۆمپانیای ئیتۆچوی ژاپۆنی و ماوەی جێبەجێکردنی 3 ساڵە.
وتیشی: ئەم پڕۆژەیە گرنگییەکی زۆری هەیە لە پاراستنی تەندروستیی گشتیی هاووڵاتییان و هەروەها سوودی گرنگی بۆ پاکڕاگرتنی خاک و پیسنەبوونی ئاوی ژێرزەوی و بەرووبوومی کشتوکاڵ و پاراستنی ئاوی سەرزەوی و سامانی ماسی و پاراستنی ڕووبارەکان کە ئەو ئاوەی دەپاڵیورێت جارێکی دیکە بۆ ئاودانی بەروبوومی کشتوکاڵی و ناوچەی سەوزایی بەکار دەهێنرێتەوە.
هاوکات سوپاسی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و ئاژانسی جایکا و تیمی تایبەتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاژانسی جایکای کرد کە ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە کار لەسەر ئەو بابەتە دەکەن کە ئەمڕۆ بەشێکی ئەو گرێبەستە واژۆ کرا.
ساسان عەونی ڕاشیگەیاند، بۆ چارەسەری بڕە زۆرەکەی ئاوەڕۆی هەولێر کە دەمێنێتەوە و بڕەکەی 266 هەزار مەتر سێجایە، ئەمڕۆ لە نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئاگادار کراینەوە کە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە بەشە زۆرەکەی وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆ کە دەکاتە حەوت بەش لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەلایەن کۆمپانیای خۆماڵییەوە بە کوالێتی بەرز و ستانداردی جیهانی دروست دەکرێت بۆ بنبڕکردنی پیسبوونی ژینگە و پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان.




