spot_imgspot_img

ئەمشەو مانگ گیرانە … نوێژی مانگ گیران چیە و چۆن دەكرێت؟

بەپێی ڕاپۆرتە گەردونی و كەشناسییەكان، ئەمشەو لە پێش كاتژمێر 8ی شەوەوە دیاردەی مانگ گیرانی تەواوەتی ڕوودەدات و لە هەرێمی كوردستان و عێراق دەبینرێت.

لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا بۆ دیاردە گەردوونی و خواكردەكان چەندین زیكر و ڕێوڕەسمی ئایینی بوونی هەیە و لەكاتی مانگ گیران و خۆر گیرانیشدا نوێژی سوننەت دەكرێت.

سەبارەت بە شێوازی نوێژی سوننەتی مانگ گیران، مەلا موسلیم مەلا ساڵح فریزی، مامۆستای ئایینی لە هەولێر بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، نوێژی مانگ گیران نوێژێكی سوننەتە و لەو كاتەی مانگ گیران دەستپێدەكات تا تەواو بوونی مانگ گیرانەكە نوێژەكە دەكرێت و دوو ڕكاتە.

ڕوونیشی كردەوە، ئەو دوو ڕكاتە بە تەنها یان بە كۆ (جەماعەت) دەكرێت و لە هەر ڕكاتێكدا دوو چەمانەوە (ڕكوع) و دوو ڕاوەستانی تێدایە پێش ئەوەی بچیتە كڕنووش (سوجدە)، واتە كە دەستت كرد بە نوێژكردن سەرەتا سورەتی (الفاتیحە) دەخوێنیت لەگەڵ سورەتێكی تر و ئینجا دەچیتە ڕكوع و هەڵدەستیتەوە هەمدیسان سورەتی (الفاتیحە) و سورەتێكی دیكە دەخوێنیت و دەچیتەوە ڕكوع و هەڵدەستیتەوە و ئینجا دەچیتە سوجدە.

وتیشی، “بۆ ڕكاتی دووەمیش بە هەمان شێوە دووبارەی دەكەیتەوە و دواتر تەحیات دەخوێنیت و سەلام دەدەیتەوە”.

مەلا موسلیم ئاماژەی بەوەشكرد، كە سوننەتە لەكاتی مانگ گیران زیكر و دوعا و داوای لێخۆشبوونی زۆر بكرێت.

سیروان ساڵح، شارەزای كەشناسی و گەردوونی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، داواکارم لەکاتژمێر 08:30 ی شەوی یەک شەممە لەسەر دوو شەممە لە مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان و گەرمیان نوێژی مانگ گیران بکرێت.

ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی و گەردوونی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ئەمشەو، شەوی یەك شەممە، دیاردەی مانگ گیرانی تەواوەتی ڕوودەدات و مانگ شێوەی دەگۆڕێت بۆ ڕەنگی سوور هاوشێوەی خوێن.

وتیشی، مانگ گیرانی تەواوەتی لە هەموو وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپا و ئەفریقا و ئوسترالیا و جەمسەری باشوری زەوی دیار دەبێت ، مانگ گیرانەکە بە تەواوی لە وڵاتانی کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا و ئاسیا و ڕۆژئاوای ئوسترالیا دەبێت.

ڕوونیشی كردەوە، ماوەی مانگ گیران: 3 کاتژمێر و 29 خولەک، كە دەستپێکردنی لە کاتژمێر 7:27 ئێوارەیە و لوتکەی مانگ گیران لە کاتژمێر 9:11 شەو دەبێت و کۆتاییەكەی کاتژمێر 10:56 شەو دەبێت.
هاوكات، نووسینگەی مەرجەعی باڵای ئایینی شیعەكان، ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی بڵاویكردۆتەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ، یەک شەممە، مانگ گیرانێکی تەواو لە نەجەف و سەرجەم شارەکانی عێراق بە ڕوونی 100% دیار دەبێت.

یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان داوا لە مامۆستایانی ئایینی و موسلمانان دەکات ئەمشەو سوننەتی نوێژی مانگ گیران زیندوو بکەنەوە.

یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دیاردەی مانگگیرانی ئەمشەو بڵاوکردووەتە و تیایدا بە ئایەتێکی قورئانی پیرۆز دەستی پێکردووە، کە تیایدا دەفەرمووێت: (ؤٱلۡقَمَرَ قَدَّرۡنَٰهُ مَنَازِلَ حَتَّيٰ عَادَ كَٱلۡعُرۡجُونِ ٱلۡقَدِيمِ).

باسی لەوەشکردووە، مانگگیران و خۆرگیران دیاردەیەکی گەردوونی و سروشتییە، زانست هۆکارەکانی دیاریکردوونە، بەدرێژایی مێژوو ئەم دیارەدەیە ڕوویداوە و تازە نییە.

spot_img
spot_img
spot_img
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە