وەزارەتی دارایی عێراق بەم ڕۆژی هەینییە دابەشكردنی مووچەی مانگی 9ی خانەنشیننی ڕاگەیاند، لەكاتێكدا چەند ڕۆژێك دواكەوتبوو.
وەزارەتی دارایی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەشی ژمێریاری دەستیکردووە بە ڕێکارەکانی دابینکردنی پارەی مووچەی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی بۆ مانگی ئەیلول.
ئاشكراشی كردووە، دەستەی خانەنشینی نیشتمانی و بانکی ڕافیدەین و ڕەشید دەستیان کردووە بە خەرجکردنی مووچە لە ڕێگەی کارتی پارەدانی ئەلیکترۆنیەوە.
وەزارەتەکە داوا لەو خانەنشینانە دەکات، کە نامەی کورتیان پێدەگات، سەردانی لقی بانکەکان یان ATMەکان بکەن لە بەغدا و پارێزگاکان بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان.
دوای ئەوەی چەند ڕۆژێك مووچەی خانەنشین لە عێراق دواكەوت، دوێنێ پێنج شەممە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران بڕیاریدا سەرجەم فەرمانبەرانی وەزارەتی دارایی ڕۆژانی هەینی و شەممە دەوام بكەن بۆ خەرج كردنی مووچە.
