سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەمەبەستی تاوتوێکردنی ژمارەیەک پرسی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی سوڵتاننشینی عومان، بەرەو ئەو وڵاتە بەڕێکەوت.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، محەمەد شیاع سوودانی بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای حکومی بەرەو سوڵتاننشینی عومان بەڕێکەوتووە.
چاوەڕوان دەکرێت سوودانی لە میانی سەردانەکەیدا بۆ عومان، ژمارەیەک پرسی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاوتوێ بکات.
سەرۆک وەزیرانی عێراق بەر لە دەستپێکردنی گەشتەکەی ڕایگەیاند، ئامانج لەو سەردانە بەرزکردنەوەی ئاستی ھاوبەشی نێوان ھەردوو وڵاتە لە ھەموو بوارەکاندا.
ئاماژەی بەوەشدا کە ھەر لە میانی سەردانەکەی بۆ سوڵتاننشینی عومان، ژمارەیەک یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بوارە جیاجیاکاندا لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە واژوو دەکەن.
باسی لەوەش کرد کە لەئێستادا، گرنگی بە بەھێزکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتان دەدەن و وتی: “سوڵتاننشینی عومان لەسەرجەم قۆناغەکاندا، پاڵپشتی عێراقی کردووە”.
ھەروەھا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە عێراق بەرەو سەقامگیری و دووبارە ئاوادەنکردنەوەی زیاتر، ھەنگاو دەنێت و وتی: “ئێستا عێراق، بووەتە ژینگەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ وەبەرھێنان”.
وتیشی: “وڵاتانی ناوچەکە دەرفەتی وەبەرھێنانیان لە عێراقدا ھەیە”.
