پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک، لە 6ی ئایاری 2025 لە هەرێمی كوردستان، لە پارێزگای هەڵەبجە دەستی پێکرد و دواوادەی پڕكردنەوەی فۆرمەكەش سبەی سێ شەممە 2ی ئەیلوولی 2025 تا كاتژمێر 12ی شەو دەبێت بە خۆڕایی و دواتر ددەبێت بە پارە هەر گۆڕانكاری و پڕكردنەوەیەكی فۆڕمەكە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە، تا ئێستاش لە كۆی ژمارەی گشتیی بەشداربووانی پسوولەی خۆراک لە هەرێمی کوردستان، كە 5 ملیۆن و 385 هەزار و 820 کەسە، لەو ژمارەیە 4 ملیۆن و 638 هەزار و 672 کەس فۆرمەکەیان پڕ کردۆتەوە.
ئاشكراشی كردووە، تەنیا 747 هەزار و 148 کەس ماوە، کە هێشتا فۆرمەکەیان پڕ نەکردۆتەوە.
ڕێژەی پڕکردنەوەی فۆرمە ئەلیکترۆنییەکە
بە تێکڕا ڕێژەی ئەو هاووڵاتییانەی تا ئێستا فۆرمەکانیان پڕکردۆتەوە 86% بووە، ڕێژەی بەشداریكردنی هاووڵاتییانیش لە شارەكانی هەولێر: 88%، سلێمانی: 87%، دهۆک: 83% و هەڵەبجە: 89% بووە.
ئەو کەسانەشی تا ئێستا فۆرمەكەیان پڕ نەكردۆتەوە، چەند هۆكارێكی هەیە، ئەوانیش خۆی لە: نەبوونی کارتی نیشتمانیی، بوونیان لە دەرەوەی وڵات، یان پشتگوێیان خستووە، یان نەشارەزان و توانای پڕکردنەوەی فۆرمەکەیان نییە، یان دوورەدەستن و دەستیان بە ئینتەرنێت ناگات.
حكومەتی هەرێم داو الە هاوووڵاتیان دەكات، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی پسوڵەی خۆراک لە شارەکانیان بکەن و فۆرمەکە پڕ بکەنەوە.
دابەشکردنی بەشەخۆراک و گۆڕانکارییەکان
لە ئێستادا، بەشی پێنجەمین بەشەخۆراک بەبێ لێبڕین دابەش دەکرێت لەسەر لیستی مانگی حەوت، بەڵام بەشەئاردی حەوتەم لەسەر لیستی نوێ دابەش دەکرێت و بە بەراورد بە مانگی ڕابردوو، 8 ملیۆن و 847 هەزار و 750 کیلۆگرام ئارد لەسەر ئاستی هەرێم بڕاوە.
بڕیارە لە بەشی شەشەمی خۆراک، کە لەسەر لیستی مانگی هەشت دەبێت، بڕی کەلوپەلە خۆراکییەکان بەم شێوەیە بێت: بۆ هەر کەسێک، 3 کیلۆ برنج، لیترێك زەیت، کیلۆیەك شەکر، نیو کیلۆ نیسک، نیو کیلۆ ئارینۆک “لەتكەنۆك” و 400 گرام دۆشاو.
دەبێت هاووڵاتییان ئاگاداری ئەوە بن، ئەو هاووڵاتییانەی بەشەخۆراکیان لێ دەبڕێت، ئەگەر دواتریش فۆرم پڕ بکەنەوە، قەرەبوو ناکرێنەوە و تەنیا لە مانگی داهاتوودا بەشەخۆراک و ئاردیان پێدەدرێت.
گۆڕانکاری لە خزمەتگوزارییەکان و بڕیارەکانی دوای 2ی ئەیلول
دوای 2ی ئەیلولی 2025، پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک دەبێت بە پارە. هەر خێزانێک کە فۆرم پڕ بکاتەوە، بڕی 11 هەزار دیناری لێوەردەگیرێت بە ڕێگەی كارتی بانكی، ئەو پارەیە دەچێت بۆ بەغدا و تۆمار دەکرێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە تا ئێستا ئەم پرۆسەیە بەبێ بەرامبەر بووە.
هەروەها، لەسەر بڕیاری بەغدا، دوای 2ی ئەیلول، خزمەتگوزارییەکانی وەک (گواستنەوە، زیادکردن و جیابوونەوەی خێزان) کارا دەبن. بۆ هەر یەکێک لەم خزمەتگوزارییانەش، بڕی 3 تا 5 هەزار دینار بۆ هەر خێزانێک لە ڕێگەی كارتی بانكی وەردەگیرێت و ئەو پارەیەش ڕاستەوخۆ بۆ بەغدا دەچێت.
لای خۆشیەوە، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێم لە ئاگادارییەكدا، داوا لە دامودەزگا و فەرمانگەكان دەکات ئاگاداری فەرمانبەرانیان بکەن بۆ پڕکردنەوەی ئەو فۆڕمە.
