ڕێبەری زیندانی كراوی پەكەكە بەبۆنەی ڕۆژی “جیهانی ئاشتی”یەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت: ئاشتییەکی راستەقینە، تەنها بە بێدەنگکردنی چەک و کۆتاییهاتنی شەڕ و پێکدادان، بەدی نایەت و دەشڵێت: بانگەوازەکەمان بۆ ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیک، هەنگاوێکی سیاسیی ئاسایی نییە.
عەبدوڵا ئۆجالان بەبۆنەی ١ـی ئەیلول، رۆژی “جیهانی ئاشتی”یەوە، لە گروتوخانەی ئیمرالییەوە پەیامێکی نارد و پەیامەکەی لە گردبوونەوەکدا لە ئیستەنبوڵ خوێنرایەوە.
ئۆجالان ئاماژەی بەوەداوە، بانگەواز لە گەلانمان دەکەم کە خاوەنداری لەم ئەرکە مێژووییە بکەن و رێپێوانی ئاشتی و ئازادی فراوانتر بکەن.
دەقی پەیامەكە:
بۆ ئەو کەسانەی لەپێناو ئاشتی و دیموکراسییدا تێدەکۆشن…
بانگەوازەکەمان بۆ ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیک، هەنگاوێکی سیاسیی ئاسایی نییە؛ بەڵکو هەنگاوێکی ستراتیژیی و قۆناغێکی مێژووییە. بەم بانگەوازە، هەم لە تورکیاو هەم لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەرگای سەردەمێکی نوێ کراوەتەوە، تاوەکو ژیانی ئاشتییانە و دیموکراتیک جێگەی شەڕ و وێرانکاریی بگرێتەوە.
ئەمە تەنها داخوازییەک نییە، بەڵکو راستییەکی بەرجەستەیەو پێویستە بە هەلی بەهێزو هەنگاوی پراکتیکی بەدی بهێنرێت. چونکە ئاشتییەکی راستەقینە، تەنها بە بێدەنگکردنی چەک و کۆتاییهاتنی شەڕو پێکدادان، بەدی نایەت. هەرکات ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەری هەموو بوارەکانی ژیانی گرتەوە، ئەوکات ئاشتییەکی راستەقینە دێتەدی.
گۆڕانی کۆمەڵایەتی تەنها مافێک نییە بۆ گەلانمان، بەڵکو ئەرکی سەرەکییە لەم سەردەمە نوێیەدا.
حەتمەن بە تیکۆشانی گەلانمان، پایەکانی ئاشتی و دیموکراسی و بەهاکانی ئازادی قایمتر دەبن و لەنێو ژیانی کۆمەڵایەتییدا رەنگدانەوەیان دەبێت. ئیتر، ئەم وڵاتە دەبێتە وڵاتی ئەوانەی کە ئاشتی و ژیانی دیموکراتیک هەم وەک ماف و هەم وەک ئەرکی خۆیان دەبینن.
بەبۆنەی ١ـی ئەیلولەوە، بانگەواز لە گەلانمان دەکەم کە خاوەنداری لەم ئەرکە مێژووییە بکەن و رێپێوانی ئاشتی و ئازادی فراوانتر بکەن.
لەو بڕوایەدام، هەمووان لە جدییەت و هەستیاریی ئەم قۆناغە تێدەگەن و ڕەچاوی دەکەن و بە ڕۆحییەتێکی ئاشتیخوازانەوە هەنگاودەنێن. بەم بڕوایەوە، سڵاو و ڕێز و خۆشەویستی بێپایانی خۆمتان ئاڕاستەدەکەم.
عەبدوڵا ئۆجالان
دوورگەی ئیمراڵی
