spot_imgspot_img

“یەكینەكانی پاراستنی گەل، هاوپەیمانێكی سەرەكی ئەمریكان”

تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا، دەڵێت؛ “یەكینەكانی پاراستنی گەل چیتر سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان نین، بەڵكو بوونەتە هاوپەیمانێكی سەرەكی ئەمریكا لە شەڕی دژی ڕێكخراوی داعشدا” و داوای گفتوگۆش لەنێوان توركیا و قەسەدە دەكات بۆ دروستكردنی ناوچەی ئارام لەسەر سنووری نێوانیان.

 

تۆم باراك، نێردەی ئەمریكا بۆ سووریا، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ چالاكوان ماریۆ نۆڤل لە كەناڵی یوتیوب، ڕایگەیاند: “یەكینەكانی پاراستنی گەل چیتر سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان نین، بەڵكو بوونەتە هاوپەیمانێكی سەرەكی ئەمریكا لە شەڕی دژی ڕێكخراوی داعشدا”.

 

لە چآوپێکەوتنەکەدا، باراک داوای دەستپێكردنی گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان توركیا و هێزەكانی سووریای دیموكرات(قەسەدە)ی كرد، بەئامانجی دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام كە بەشداری لە هێنانی ئاشتی بۆ سنوورە هاوبەشەكان بكات.

 

ئاماژەی بەوەشدا: “مەزڵوم عەبدی و هێزەكانی سووریای دیموكرات لە لایەك، و هاكان فیدان و ئیبراهیم كاڵن وەك نوێنەرانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لە لایەكی ترەوە، بە شێوەیەكی بەرپرسیارانە لەم بابەتەدا هەڵسوكەوت دەكەن، بەڵام پێویستمان بە گفتوگۆی زیاترە.”

 

نێردەی ئەمریكا دووپاتیكردەوە؛ پشتیوانی لە ئەحمەد شەرع سەرۆكی نوێی سووریا دەكات و ئاماژەی بەوەشدا؛ ئامانجی هاوبەش لەنێوان دیمەشق و واشنتۆن “بریتییە لە گەڕاندنەوەی سووریا بۆ ڕێڕەوی ئاشتی و خۆشگوزەرانی و هەلدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لە ناوچەكەدا.”

 

باراك باسی لە گۆڕانكارییە ئەمنییەكانی ناوچەكە كرد و ڕوونیشی كردەوە كە “هێرشەكانی ٧ی تشرینی یەكەم تێڕوانینی ئیسرائیلی بۆ ئاسایش گۆڕی، و سوورە لەسەر پاراستنی خۆی بە هەموو شێوەیەك.”

 

لە دۆسیەی لوبنانیشدا، باراك پێیوابوو؛ چارەسەرەكە لە چەكداماڵینی “حزبوڵڵا”دا نییە، بەڵكو لە “دابینكردنی دەرفەتی ئابوورییە بۆ پێكهاتەی شیعە بە شێوەیەك كە كاریگەری ئێران كەمبكاتەوە.”

 

لە كۆتاییدا وتی: “كاتی ئەوە هاتووە كە سەركردەكانی ناوچەكە دەستبەرداری كێشەكانی ڕابردوو بن و كەناڵەكانی گفتوگۆ بكەنەوە و داهاتوویەك لەسەر بنەمای سەقامگیری و خۆشگوزەرانی ئابووری بنیاد بنێن.”

 

spot_img
spot_img
spot_img
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە