کەمبوونەوەی ئاو گۆڕستانێکی بەدیارخست

 

بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوی موسڵ، شارێکی مێژوویی و گۆڕستانێک لە سنووری پارێزگای دهۆک دەرکەوتنەوە و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری دهۆکیش دەڵێت، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان مێژووی شارەکە دەگەڕێتەوە بۆ 5000 ساڵ پێش ئێستا “.

بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری دهۆک، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوی موسڵ، تیمێکی شوێنەوارناسیی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان توانیویانە شارێکی مێژوویی و گۆڕستانێکی گرنگ بدۆزنەوە، کە هەزاران ساڵە ژێر ئاو کەوتووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، شوێنە دۆزراوەکە ناوی “گرێ تەحسین لەگ لەگ”ـە و دەکەوێتە نزیک گوندی خانکێی کۆن لە سنووری ناحیەی خانکێی سەر بە قەزای سێمێل، هۆکاری دیارنەمانی ئەم ناوچەیە وو گۆڕستانەکە دەگەڕێتەوە بۆ دروستکردنی بەنداوی موسڵ، دوای تەواوبوونی بەنداوەکە  لە ساڵی 1986 و بەهۆی گلدانەوەی ئاوەوە ئەم ناوچەیە ژێڕ ئاو کەوتووە.

بەگوێرەی ئەنجامە سەرەتاییەکان، مێژووی شارەکە بۆ 5000 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. هەروەها گۆڕستانێکی گرنگ لە تەنیشت شارەکەوە دۆزراوەتەوە کە نزیکەی 40 گۆڕ لەخۆدەگرێت و بە قوڕی قەڵاندراو دروستکراون. مێژووی گۆڕستانەکە بۆ سەردەمی هلنستی – سلوقی (سەدەی سێیەمی پێش زایین) دەگەڕێتەوە.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە “ئەو پارچە شوێنەوارییانەی دۆزراونەتەوە، گرنگیی ئەم گردە دەردەخەن، چونکە ئاوەدانی تێیدا بەردەوام بووە، هەر لە سەردەمی نەینەوای پێنجەم، چاخی برۆنزیی کۆن و ناوەڕاست، چاخی میتانی، ئاشووریی نوێ و هلنستییەوە تاوەکو کۆتایی سەردەمی ئیسلامی”.

لە کۆتاییدا شوێنەواری دهۆک رایگەیاندووە، کارکردن بەردەوامە بۆ رزگارکردنی ئەم شوێنەوارانە و بڕیارە هەموو گۆڕەکان بۆ مۆزەخانەی نیشتمانیی دهۆک بگوازرێنەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە