شکستی مێز و ئامادەیی هێز

 ئەمیر عومەر

هیچ شک و گومانی تێدا نیە، لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی دوانزە ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، هەتا دێت ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو قۆناغێکی نوێ و مەترسیدارتری ناجێگیر مل دەنێت. زۆربەی ئاماژەکان پێمان دەڵێن وەستاندنی ئەم یەکتر گەوزاندنە تەنها نەفەسدانێکە، لەگەڕی دووەمی گڕی زۆر گەورەتر و بێئامان لە ناوچەکە بەردەدەن.

ئیسرائیل و یارمەتیدەرەکانی پێیان وایە دەرفەتێکی مێژووییان بۆ هەڵکەوتووە، بە هەر نرخێک بێت نابێت لە دەستی بدەن بۆ دامەزراندنی ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێ کە تێیدا ئیسرائیل ببێتە هێزی باڵادەستی بێڕکابەر. بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئایا ئێران ڕێگە بە جێبەجێکردنی ئەم دیزاینە دەدات؟، ئایا ئەم دۆخە بۆ ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی دەرفەتی مێژوویی دەبێت یان خەونێکی تاڵ و بە تاڵ؟.

ئەم پرسیارەی کە وەڵامەکەی داهاتووی ناوچەکە دیاری دەکات، بە هەوڵەکانی تارانەوە گرێدراوە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتان، بە تایبەتی لەگەڵ ڕووسیا و چین، دیدارە بەردەوامەکانیان لەگەڵ ڤلادیمیر پووتن و سەرکردەکانی چین، هەروەها مامەڵەی کڕینی چەکی پێشکەوتوو، کە هەموو ئەمانەش وەک تاکتیکێکی دژە ئەمریکی و ئیسرائیلی دەبینرێن. لەنێو هەموو ئەو لێکدانەوە و شرۆڤانەی دەکرێن بۆ شکستی مێز و ئامادەیی هێز، نوسەری کتێبی “هاوپەیمانی بەرژەوەندییەکان”، ترینا پارسی، باس لەوە دەکات کە پێش کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ جەنگێکی گەورەتر لە جەنگی دوانزە ڕۆژی ڕوودەدات.

خوڵاسەی کەلام، باس لەوە دەکات بەردەوام هۆکارەکانی جاڕدانی جەنگ چین لەسەر چین کەڵەکە دەبن و بە قەومانیشی زۆر گرووپی چەکداری تێدا دەگێلێت و ئاماژەی مەترسیداریشە بۆ تەقینەوەی گەورە و نادیاریی ئایندەی ناوچەکە. ئەگەر هەواڵەکانی میدیاش کە بەشێکیان پەیام و لێدوانی بەرپرسانی باڵای ئیسرایلین و وەک سەرچاوە وەربگرین، دەبێت گومان بکەین کە لە گەڕی داهاتوودا تەلئەبیب مەیلی بۆ جەنگی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆیەو بە شەڕی بە وەکالەت ڕازی نییە، وەک ئەوەی نیازی ئیسرائیل ئەوە بێت لەدوای نیشتنەوەی تەپوتۆزی جەنگ بە جیهان بڵێ بە چەند ڕۆژێک ڕۆژهەڵاتێکی نوێ لەدایکبوو.

زۆر پرسیار هەیەو جارێ وەڵامیان نیە بەڵام با بپرسین ئایا ئەو ڕووداوە گەورانەی کە لە ڕێگادان و وەک باس دەکرێت بەروودانی نەک تەنها ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕن، بەڵکوو کاریگەری لەسەر جیهانیش درووست دەکەن، کەی ڕوودەدات؟. لە کۆتاییدا، زیادەڕۆیی نیە ئەگەر بڵێین ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دۆخ و سەردەمێکی مەترسیدار و نا ئاسایدایە.

هەموو ئاماژەکان ئەوە پیشان دەدەن کە ئەم ئاسایشەی ئێستای جێگیر نیە و گۆڕانکارییەکی گەورە لە ڕێگادایە کە نازانین بەرەو ئاشتی و سەقامگیری هەنگاو دەنێت، یان هێندەی تر قوڕەکە خەستتر دەکاتەوە و نان و ئەمان ناهێڵێت؟

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە