شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی بۆ کەش و هەوای چەند ڕۆژی داهاتوو ئاشکرا دەکات و دەڵێت”پلەکانی گەرما هەفتەی داهاتوو جەند پلەیەک بەرز دەبنەوە”.
هەڤال سدیق گەڵۆزی شارەزای كەشناسی رایدەگەیەنێت، پێشبینی دەكرێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە و دووشەممە، پلەکانی گەرما 2 تا 3 پلەی سیلیزی بەرزبوونەوە بەخۆیانەوە ببینن.
ئاماژەی بەوەشدا، پلەکانی گەرما لە هەولێر و کەرکووک و زاخۆ لەنێوان 45 بۆ 47 پلەی سیلیزی دەبێت، بەڵام بەرزترین پلەکانی گەرما لە سنووری ئیدارەی گەرمیان تۆمار دەکرێت بەتایبەت لە شارۆچكەی خانەقین و مەیدان و کەلار كە پلەی گەرما تێیاندا 46 بۆ 47 پلەی سیلیزی دەبێت.
ئەو شارەزای کەشناسییە ئاماژەی بەوەشدا، لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقیش پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما بگاتە 49 پلەی سیلیزی.
جەختیشی كردەوە، كە بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما چەند رۆژێك دەخایەنێت، بەڵام دواتر لە سەرەتای مانگی داهاتوو پلەكانی گەرما دووبارە نزم دەبنەوە، و هەروەها لە رۆژی 6ی مانگی داهاتوو هەوایەكی شێدار روو لە هەرێمی كوردستان دەكات و پێشبینی دەكرێت لە ناوچە شاخاوییەكان ببێتە هۆی بارانبارین.
