بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی خستەكاری كامێراكانی تۆماركردنی تیژڕەوی لەسەر هەردوو شەقامی سەرەكی (سلێمانی- تاسڵوجە) بە سیستمی (یەك خاڵ) و (سلێمانی- وارماوە) بە سیستمی (خاڵ بۆ خاڵ) ڕادەگەیەنێت.
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی لەە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە ڕێکەوتی 28/8/2025 پێنج شەممە کاتژمێر 10 ی سەر لەبەیانی کامێراکانی ڕێگای نێوان سلێمانی – تاسڵوجە و بە پێچەوانەوە (کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی) دەکەونە کار و تۆمارکردنی سەرپێچی تیژڕەوی بە سیستەمی ( One Point) و بەپێی ئەو خێراییانەی کە لە هێماکانی هاتووچۆی تەنیشت ڕێگاکە دانراون تۆمار دەکات.
ڕوونیشی كردۆتەوە، سەبارەت بە ڕێگای نێوان سلێمانی – وارماوا بەهەمان شێوە کامێراکان دانراون لە ڕێکەوتی 28/8/2025 کاتژمێر 10 ی سەرلەبەیانی سزای سەرپێچی خێرایی تۆمار دەکەن بە سیستەمی ( Point to Point) بەپێی ئەو خێراییانەی دیاریکراوە لە ڕێگەی هێماکانی هاتووچۆوە.
دەشڵێت: ماوەی لێبووردن لە کامێراکانی خێرایی (حدود التسامح) بۆ ئۆتۆمبێلی بچووک (٥) کیلۆمەترە و بۆ بارهەڵگر (٣) کیلۆمەترە.
ئاماژەی بەوەشداوە، سەبارەت بە میکانیزمی تۆمارکردنی سەرپێچی تیژڕەوی لەو کامێرایانەی بە سیستەمی Point to Point کار دەکەن، تێکڕای خێرایی لە هەموو کامێراکان هەژمار دەکرێت.
بۆ نموونە لە نێوان دوو کامێرا پێویستە شۆفێر بە خێرایی ڕیگەپێدراو کە دیاریکراوە شۆفێری بکات بە پێچەوانەوە سزای دیاریکراو دەدرێت.
هەروەها لەنێوان کامێراکانی دیکەدا ئەگەر شۆفێر لەسەر تیژڕەوی بەردەوام بوو هەمان سزا دووبارە دەیگرێتەوە.
جەختیشی كردۆتەوە، میکانیزمی سەرپێچی تۆمارکردنی تیژڕەوی لە کامێراکان بەپێی فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ ڕێکخراوە، واتە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ لە هەرێـمی کوردستان بە یەک سیستەم کاردەکەن بێ جیاوازی لەو شەقام و ڕێگایانەی ناوەوە و دەرەوەی شارەکان لە هەرێم کە کامێراکانی تیژڕەوی تیادایە.
